پیكێ چاوەڕێی سزایەكی قورس دەكات
لیژنەی ناوبژیوانانی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی داوای یاسایی لەسەر گیرارد پیكێ بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە پێشكەش بە لیژنەی رێكخستن كرد سەبارەت بە تۆمەتەكانی لەسەر هەردوو ناوبژیوانی یارییەكەی ئەتلەتیك بیلباو و ڤیاڕیال.
پیكێ دوای یارییەكەی هەفتەی رابردووی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بلباو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا رەخنەی توندی لە ناوبژیوان گرتبوو و بەوەی لایەنگیری و نایەكسانی لە یارییەكەدا كردووە، دواتریش لە خولی ئیسپانیا بەهەمانشێوە رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەكەی بەرامبەر یانەی ڤیاریال گرتبوو.
رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: لیژنەی ناوبژیوانان داوای یاساییان لەسەر پیكێ لە لیژنەی رێكخستن تۆمار كردووە، پێویستیشە لیژنەكە لە ماوەی مانگێكدا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە چاوەڕوان دەكرێ لیژنەكە سزایەكی قورس بەسەر پیكێ بسەپێنێ و لە چەند یارییەكدا بێ بەشی بكات لە ئەنجامدانی یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە.
پیكێ لە یارییەكەی یەكشەمی رابردووی یانەكەیدا بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال لە گەڕی 17ی خولی ئیسپانیا كاتێك هەردوو یانەكە بە 1-1 گۆڵ یەكسان بوون، رووی لە شوێنی دانیشتنی خافیێر تیباسی سەرۆكی یەكەتیی خولی ئیسپانیا كردبوو و پێی گوتبوو "بینیت چی روویدا، بەڵی بە دڵنیاییەوە بینیت".
وشە -
ئامانج ئهكرهم