تەندروستیی دهۆك لەگەڵ پێشمەرگە بەشداری شەڕی مووسڵ دەكات

:: PM:01:08:16/10/2016 ‌

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی دهۆك وەك نزیكترین شوێنی تیماركردنی برینداران و هاونیشتمانیانی رزگاربووی دەستی داعش، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەكات و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی دهۆك رای دەگەیەنێت، لە چوار شوێنی جیاوازی سەنگەرەكاندا چارەسەری پزیشكی پێشكەش دەكەن.

دكتۆر نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بە "وشە"ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەدوو شێواز بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەكات، یەكەمیان لەگەڵ پێشمەرگە و دووەمیان لەگەڵ ئاوارەكان.

روونی كردەوە، چوار شوێن لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەدا دەستنیشان كراوە بۆ تیمەكانی تەندروستیی دهۆك كە چارەسەری پزیشكی پێشكەش دەكەن لە حاڵەتی هەر رووداوێكی نەخوازراودا و پێ‌ بە پێی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە تیمەكانیان شوێنیان دەگۆڕن و ئەگەر حاڵەتێكی مەترسیدار هەبێت، لە رێگەی ئەمبوڵانسەوە بۆ نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە دهۆك و ئاكرێ‌ دەگوازرێتەوە.

بەگوتەی ئەو، لە بانكی خوێن لە دهۆك خوێنێكی زۆر كۆ كراوەتەوە كە لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە بۆ پێشمەرگە رەوانەی سەنگەرەكان دەكرێت یان لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتندا بەكار دەهێنرێت. 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی دهۆك باسی لەوەش كرد، ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گەیشتنی ئاوارەكانی مووسڵ بۆ دهۆك، لەلایەن 16 تیمی تایبەتەوە پشكنین بۆ هەر ئاوارەیەك دەكرێت كە لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوە بێت و هەروەها جۆری نەخۆشییەكانیان دەستنیشان دەكرێت، ئەوە جگە لە پێكهێنانی 40 تیمی گەڕۆك بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بە ئاوارەكان بەگشتی.

"دوو یەكەی چارەسەریی بەشێوەی مەیدانی لەلایەن رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور بۆ ئاوارەكانی مووسڵ لە ناوچەكانی خەتارێ‌ و رەبیعە دادەنرێن"، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی دهۆك وای گۆت.

دهۆك- نەوزاد هلۆری


وشە - ڕێبین فه‌تاح