بەپێی ئامارەكانی دادگای سلێمانی، لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەر تۆمار كراون، ئامارەكانیش لە ساڵێك بۆ ساڵێكی تر زیادی كردووە و بە جۆرێك بەراوردی ساڵی 2017 بۆ ساڵی 2018 نزیكەی سێ هەزار جیابوونەوە زیادی كردووە.
هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوسەر زۆرن، یەكێك لەو هۆكارانە كە ئێستە زۆر باوە و توێژەران و كۆمەڵناسان باسی دەكەن، بۆ تەكنەلۆجیا و بوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندیكردن دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەستی "وشە" كەوتوون، لە ساڵی 2017 حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە دادگای سلێمانی هەزار و 360 جیابوونەوە هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2018 ئەو ژمارەیە بۆ چوار هەزار و 85 جیابوونەوە بەرز بووەتەوە، بە جۆرێك ڕێژەكە زیاتر لە سەدا 250 زیادی كردووە، ئامارەكانیش ڕوو لە زیادبوونن.
هەر بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی 2017 لە دادگای سلێمانی 12 هەزار و 988 مارەبڕین و هاوسەرگیری ئەنجام دراون، لە ساڵی 2018 ڕێژەكە زیاتر بووە بۆ 13 هەزار و 839 مارەبڕین و هاوسەرگیری.
ئارش فازڵ مافناس و پارێزەر، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زۆر هۆكار هەن بۆ جیابوونەوە و نەگونجانی هاوسەر لەو دۆخەی ئێستە. بەبڕوای ئەو خەتەنەكردن یەكێكە لە هۆكارەكان كە وادەكات هاوسەران لە چێژی سێكسی تێر نەبن، كاتێك حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوو دەدات، كوڕ كە بەتایبەتی لایەنی سێكسی لا گرنگە لەو پرۆسەیەدا خاو دەبێتەوە و ناچار پەنا بۆ جیابوونەوە دەبات و بەدوای كەسێكدا دەگەڕێ كە ئەو حەزەی تێر بكات، ئەوە هۆكاری سەرەكییە، بەڵام بەردەوام ئەو ڕاستییە ناكرێتە هۆكار و بیانووی تری بۆ دەدۆزرێتەوە تا جیابوونەوە ڕوو بدات.
ئاستی هۆشیاری تاكی كۆمەڵگە بە بۆچوونی ئەو مافناسە هۆكارێكی ترە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەر و بە پێویستی دەزانێت دایك و باوك كوڕ و كچەكانیان فێری ئەوە بكەن كە ژیان چییە و چۆن هەست بە لێپرسراوی دەكات لەو پرۆسەیە، بەتایبەتی لەڕووی فكری و مەعنەوی و دواتر دارایی و بەڕێوەبردن.
وەك ئەو زیاتر خستیەڕوو "عورفە ئاینییەكەش هۆكارێكی ترە كە پێوەندی بە مارەیی هەیە، ئەو مارەییە وادەكات ئەو دوو كەسە لەسەر بنچینەی مادە كە زێڕ و هەندێ جار ئۆتۆمبێل و خانووە، ڕێك بكەون، نەك لەسەر بنچینەی لێكتێگەشتن و خۆشەویستی بە ماناكەی خۆی، هۆكارێكی تر ئەوەیە دەگوترێت كچ و كوڕ تا زوو هاوسەرگیری بكەن باشە، ئەوانە هەموو قسەی بێ مانان، كەسێك كە وشیار نەبوو لەسەر ئەوەی ژیانی هاوسەری چییە، بەو قسانە ژیانی هاوسەری بەڕێوە ناچێت".
"یەكێكی تر لە هۆكارە هەرە باوەكانی ئێستەی كۆمەڵگەی كوردستان بۆ جیابوونەوە، بوونی تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لەگەڵ ئامێرەكانی پێوەندی كە بوونەتە دەردێكی كوشندەی ناو كۆمەڵگەی كوردستان." ئارش وای گوت.
بەڵام عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەو سەردەمەی ئێستە هۆی سەرەكی جیابوونەوەی هاوسەران بۆ ئامێرەكانی پێوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگەڕێتەوە، شێواز و ناوشیاری لە بەكاهێنان وا دەكات هاوسەران بكەونە كێشە و دواجاریش سەر بۆ جیابوونەوە دەكێشێت، ئێستەیش سۆشیال میدیا بووەتە گرفتی گەورەی ناو خێزانەكان.
هۆكارێكی تر لە دوای ساڵی 2014 سەری هەڵدا كە تایبەت بوو بە تەنگژەی دارایی لە كوردستان، بەبۆچوونی عومەر ئەحمەد ئەو تەنگژەیە كە چەند ساڵێك بەردەوام بوو، تا ئێستەیش كاریگەرییەكانی ماون، هۆكاری جیابوونەوەی هاوسەران بوو، چونكە هۆكاری ئابووری پێوەندی خراپ دروست دەكات لە ناو خێزان و هاوسەران بەتایبەتی، وەك گوتوویانە كاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، هەروەها دراما كە لە تیڤییەكانەوە پەخش دەكرێن هۆكارێكی ترن بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، چونكە هیچ فلتەرێك نییە بۆ پەخشكردنیان.
ئەو ئامارەی كە تایبەتە بە سلێمانی بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، تەنیا بۆ شاری سلێمانی نییە و بۆ هەموو پارێزگاكەیە بە هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە و ناوچەكانی تر. گوتەبێژی دادگای سلێمانی باسی لەوەش كرد، تا ئێستە هیچ ئامارێك لە بەردەستدا نییە بۆ شەش مانگی ئەمساڵ و ناتوانن بڵێین ئایا حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران زیادی كردووە یان كەمی كردووە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی