وڵاتێكی نوێ لە بۆشایی ئاسمان دروست دەكرێت

:: PM:01:09:16/10/2016 ‌

ئەسگاردیا ناوی ئەو وڵاتەیە كە لەلایەن بیرمەندێكی رووسییەوە لە بۆشایی ئاسمان دروست دەكرێت و 150 ملیۆن هاووڵاتی وەردەگرێت. هاووڵاتییانی ئەسگاردیا ئەو كەسانەن بە ویستی خۆیان ماڵاوایی یەكجارەكی لە گۆی زەوی دەكەن و ژیان لە بۆشایی ئاسمان هەڵدەبژێرن، لە ئێستەوە ناونووسین بۆ وەرگرتنی مافی هاووڵاتیبوون دەستی پێ كردووە.

لەگەڵ پەرەسەندنی گەڕان و دۆزینەوە لە بۆشایییەكانی ئاسمان لە رێگەی پێشكەوتووترین تەلیسكۆپەكانی سەردەم، خەونی ژیان لەناو ئەستێرەیەكی تری گەردوونی لە راستی نزیك كردەوە و ئێستە بە دروستكردنی وڵاتێك لەناو بۆشایی ئاسمان، تەنیا پێوەست نییە بە چیرۆكە خەیاڵاوییەكان.

پڕۆژەی دروستكردنی وڵاتی ئەسگاردیا "Asgardia" كە لە ئێستەوە ناونووسین بۆ وەرگرتنی هاووڵاتییانی دەستی پێ كردووە، دەیەوێ ببێتە یەكەم وڵات لە دەرەوەی گۆی زەوی. داهێنەری ئەو پڕۆژەیە بازرگان و بیرمەندێكی رووسییە، هەفتەی رابردوو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە پاریس رای گەیاند، یەكەم كەشتی ئاسمانی لە ساڵی 2017 رەوانەی ئاسمان دەكات.

ئیگۆر ئەشوربیلی، خاوەنی پڕۆژەی ئەسگاردیا رای گەیاند، ئەوە پڕۆژەیەكی زانستی و مرۆڤ دۆستانەی فرە نەتەوەیییە كە لەسەر بنەمای ژیانی ئاشتییانە دروست دەبێت.

ئەسگاردیا هەوڵ دەدا رێگە لە گواستنەوەی ناكۆكی و تێكهەڵچوونەكانی گۆی زەوی بۆ بۆشایی ئاسمان بگرێت و ببێت بە وڵاتێكی بێسنوور و ئاین و نەتەوە. ئەو پڕۆژەیە زیاد لە 10 هەزار كارمەند و 30 كۆمپانیای زانستی لەخۆ دەگرێت.

ئیگۆر ئەشوربیلی ئاشكرای دەكات، دانوستاندنی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەست پی كردووە بۆ ئەوەی بە فەرمی دان بە  وڵاتەكەی لە بۆشایی ئاسماندا بنێن و بۆ دیزاینی ئاڵای وڵاتەكە و دانانی سروودی نیشتمانی كێبڕكێیەك دەستی پێ كردووە. ئێوەیش دەتوانن بە گرتەكردن لەسەر ئەو لینكەی خوارەوە، بەشداری ئەو كێبەركێیە بكەن.

http://asgardia.space/contest/flag

ماوەی سێ رۆژە ناونووسین بۆ بەهاووڵاتیبوونی "ئەسگاردیا" وڵاتە نوێیەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە 250 هەزار كەس لە سەرانسەری دنیا ناویان تۆمار كردووە و خاوەنی پڕۆژەكەیش دەڵێ، ئەو 100 هەزار كەسەی لە سەرەتاوە ناوی خۆیان تۆمار كردووە، كۆمەڵێك ئیمتیازی تایبەتیان بۆ لەبەرچاو دەگیرێت.

بۆ ناونووسین و بوون بە هاووڵاتیی "ئەسگاردیا" لە بۆشایی ئاسمان، ئێوەیش دەتوانن لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە ناوی خۆتان تۆمار بكەن، واتا ناو و ناسناو یان ناوی سێیانی و ئادرێسی ئیمەیڵەكەتان بنووسن.

http://asgardia.space/

سەرچاوە: دویچەوێلە










وشە - هیدایه‌ت جان