هه‌ر شتێك له‌باره‌ى مرۆڤه‌وه بێ و مرۆڤ هه‌ستى پێ بكات، ده‌كرێ ببێ به بابه‌تى نووسین، ئه‌مه راستییه‌ك نییه ته‌نیا مرۆڤى ئێسته دركى پێ كردبێ، به‌ڵكو هه‌ر له سه‌ره‌تاى داهێنانى نووسینه‌وه مرۆڤ هه‌ستى پێ كردووه و به‌كرداریش جێبه‌جێى كردووه، بۆیه زۆرجار له سه‌ره‌تاكانى مێژوودا مرۆڤ سڵى له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه بنووسێ ته‌نانه‌ت كه كۆمه‌ڵگه به نه‌نگى ده‌زانن، ئه‌و باسى كردوون. یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌یش بابه‌تى جووتبوون و ئاره‌زووبازى نێوان ژن و پیاوه كه له مێژووى مرۆڤایه‌تى چه‌ندان تێكستى به‌ناوبانگى له‌سه‌ر نووسراوه، ئه‌مه‌یش ته‌نیا تایبه‌ت نه‌بووه به تاكه شارستانییه‌ك، به‌ڵكو له زۆر شارستانیی هه‌بووه.
سێكس یان جووتبوونى ژن و پیاو، یه‌كێكه له‌و غه‌ریزانه‌ى كه كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ئه‌و غه‌ریزه‌یه وه‌ك ته‌واوى زینده چالاكییه‌كانى مرۆڤ له‌ڕووى مه‌عریفه‌وه پێویسته به‌ره‌وپێش ببرێت و بۆ ئه‌وه‌ى زانیاری دروست به تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆیى بدرێت. لێره‌دا هه‌موو جار ئه‌و كه‌سانه‌ى له سه‌ده كۆنه‌كان له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌یان نووسیوه، بوێریى ئه‌وه‌یان نه‌بووه، راسته‌وخۆ باس له سێكس بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌یش پاساوى تریان هه‌بووه، له‌وانه سێكس هۆكارێك بووه بۆ وه‌چه‌نانه‌وه، بۆیه ئه‌وان له‌و روانگه‌یه‌وه باسیان له چۆنیه‌تى جووتبوون كردووه كه كاریگه‌ریى له سه‌ر دووگیانى هه‌یه، یانیش باس له كاته‌كانى جووتبوون كراوه بۆ دیاركردنى ره‌گه‌زى ئه‌و منداڵه‌ى دایك و باوكى له چاوه‌ڕوانیدان.
ئه‌م هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه له‌لاى دانایانى میسڕى كۆن باو بووه، ره‌نگه هۆكارى تریش هه‌بن، وه‌ك بیروباوه‌ڕى ئاینى كۆن له‌سه‌ر سێكس، به‌تایبه‌تى له‌لاى سۆمه‌رییه‌كان چونكه له په‌رستگه‌كانى سۆمه‌رى جۆرێك له سێكسى پیرۆز ئه‌نجام دراوه، دواى پێشكه‌وتنى ژیانی شاره‌كانیش چ له كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى كۆن بێ یان میسڕى كۆن دیارده‌ى له‌شفرۆشى ده‌ركه‌وتووه، ئه‌مه‌یش هۆكارێكى تر بووه بۆ ئه‌وه‌ى داناكان و شاره‌زایان باس له سێكس بكه‌ن له ڕوانگه‌ى خۆپاراستن له خراپه و رێكخستنه‌وه‌ى پێوه‌ندى ژن و مێرد له‌ناو خێزانه‌كاندا.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ى سه‌ره‌وه كه ئاماژه‌مان بۆ كردووه، له چوارچێوه‌ى په‌ند و ده‌قى یاسایى و ده‌قه ئاینییه‌كان هاتووه كه لێره‌دا باس ناكرێن، به‌ڵكو زیاتر باس له‌و چه‌ند تێكسته ده‌كرێ كه وه‌ك "چێژ" و"هونه‌ر" و "سۆز" و "ئاره‌زوو" باس له سێكس ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌یش چه‌ند تێكستێكى سه‌رنجڕاكێش و به چێژ به مرۆڤایه‌تى ده‌ده‌ن. به‌ڵام له كۆى ئه‌و بڕگانه‌ى سه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كه چۆن سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌م بواره ده‌ست پێ ده‌كات كه له سه‌ده‌ى نوێ‌دا به سێكسۆلۆجى ده‌ناسرێ.
له‌م وتاره‌دا ئاماژه بۆ سێ تێكست ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان " كاماسوترا"یه، دووه‌میان "هونه‌رى ئاره‌زوو" و سێیه‌میان "ته‌وق حه‌مامه"یه، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێ لێره‌دا تێبینى ئه‌وه بكه‌ین، كتێبى سێیه‌میان كه به زمانى عه‌ره‌بى له‌لایه‌ن ئیبن حه‌زم نووسراوه، له ڕوانگه‌یه‌كى ئاینى ئیسلامه‌وه نووسراوه، نووسه‌رى كتێبه‌كه هه‌وڵ ده‌دات باس له چۆنیه‌تیى ئه‌نجامدانى "عه‌شقى بێگه‌رد" بكات. به پێچه‌وانه‌ى دوو كتێبه‌كه‌ى تر كه به بێ په‌رده باس له سێكس ده‌كه‌ن.
جگه له‌مه‌یش ده‌بێ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه بكه‌ین "كاماسوترا" كه ده‌قێكى هیندی كۆنه، ناونیشانه‌كه‌ى به ماناى "ئاره‌زووناسى" دێت، بۆیه كاتێك ئه‌م وشه‌یه له ناونیشانى سه‌ره‌كى دانراوه، بۆ ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ماناى ناونیشانه‌كه یه‌ك ده‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا له‌به‌ر ئه‌وه نییه له‌وانى تر كۆنتر بێ و گرنگتر بێ. چونكه هه‌ر یه‌كێك له‌م كتێبه به سێ تامى جیاواز نووسراون، یه‌كه‌میان "كاماسوترا"یه هه‌رچه‌نده به راشكاوى باس له ورده‌كارییه‌كانى جووتبوون ده‌كات، به‌ڵام دووپات له‌سه‌ر به‌ها مرۆییه‌كانیش ده‌كاته‌وه و جیاوازى له‌نێوان ژن و پیاویش ناكات، به پێچه‌وانه‌وه كتێبى دووه‌م به زه‌قى كار له‌سه‌ر "مێبازى" ده‌كات و وه‌ك هونه‌رێكى راوكردن سه‌یرى بابه‌ته‌كه ده‌كات و كتێبى سێیه‌میش دووپات له‌سه‌ر "عیشق و داوێنپاكى" ده‌كاته‌وه.
زۆر شتى جیاواز له‌باره‌ى "كاماسوترا" ده‌گوترێ، له‌وانه هه‌ندێك ده‌ڵێن به‌ر له زایین نووسراوه، هه‌ندێكى تر ده‌ڵێن له سه‌ده‌ى سێیه‌م تا چواره‌مى زایینى نووسراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگ بێت له‌لایه‌ن كه‌سێك كه پیاوێكى ئاینى هیندۆسى بووه به ناوى ڤاتسیایانا"Vatsyayana" نووسراوه، وشه‌ى "سوترا" به ماناى" ئاره‌زوو" یان "حه‌ز" یان "ئه‌ڤین" دێ، به‌ڵام كاما به ماناى "زانین" و "دانایى" دێت.
ئه‌م كتێبه له حه‌وت به‌ش پێكهاتووه، كه ئه‌مانه‌ن "بابه‌ته گشتییه‌كان" و "ده‌ستله‌ملانێ و ماچككردن" و "جووتبوونى پیاو و ژن" و "له‌باره‌ى ژنى كه‌سانى تره‌وه" و "له‌باره‌ی له‌شفرۆشه‌كان"، دوایین به‌شیش به‌ناونیشانى"له‌باره‌ى هونه‌ره‌كانى ته‌فره‌دان و ده‌رمانى وزه‌به‌خش". وێڕاى ریزبه‌ندى بابه‌ته‌كان كه به‌مشێوه‌یه سه‌ره‌وه رێك خراوه، كه‌چى زۆرجار بابه‌ته‌كانى تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بن.
ڤاتسیایانا به‌شێوه‌یه‌كى راشكاوانه باس له پرسه سێكیییه‌كان ده‌كات، له‌وانه له سه‌ره‌تادا باسى جووتبوون ده‌كات به‌گوێره‌ى قه‌باره‌ى ئه‌ندامى سێكسى ژن و پیاو، ده‌ڵێ پیاو سێ جۆرى هه‌یه و ژنیش سێ جۆر. پیاو له رووى ئه‌ندامى نێرینه‌ییه‌وه ده‌كرێ به پیاوى كه‌روێشكى و پیاوى گا و پیاوى ئه‌سپ. دواتر باس له چۆنیه‌تى جووتبوون ده‌كات ئه‌گه‌ر قه‌باره‌ى ئه‌ندامى نێرینه‌ى پیاو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامى مێینه‌ى ژنه‌كه جیاواز بێ. له به‌شێكى تردا باسى شێوازه‌كانى ئه‌ڤیندارى ده‌كات.
هه‌ندێك له‌و توێژه‌رانه‌ى كه له‌سه‌ر "كاماسوترا"یان نووسیوه، تێبینى ئه‌وه‌یان كردووه ئه‌و تێكسته ته‌نیا بۆ تێركردنى ئاره‌زووى پیاوان نییه، به‌ڵكو به هه‌مانشێوه باس له چێژبینینى ژن ده‌كات، ته‌نانه‌ت به یه‌كسانى داكۆكى له چێژى هه‌ردوولا ده‌كاته‌وه و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و قسانه به‌درۆ بخاته‌وه كه به هه‌ڵه وه‌سفى ره‌حه‌تبوون و چێژبینینى ژن ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كرێ ڤاتسیایانا له نووسینى ئه‌و كتێبه ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌وه نه‌بووه باس له چێژه سێكسییه‌كان بكات، به‌ڵكو ئامانجێكى تر‌ى هه‌بووه ئه‌ویش له رووى ده‌روونى و ته‌ندروستییه‌وه باس له چێژ بكات وه‌ك یه‌كێك له‌و به‌هایانه‌ى كه هیندۆسه‌كان كارى بۆ ده‌كه‌ن.
تێكستێكى تر "هونه‌رى ئاره‌زووبازى" شاعیرى رۆمانى ئۆڤیده، ئه‌و له سه‌ره‌تاى زایین ژیاوه. جیاوازى له نێوان كاماسوترا و هونه‌رى ئاره‌زووبازییه‌كه‌ى ئۆڤید ئه‌وه‌یه، كاماسوترا وێڕاى ئه‌وه‌ى به‌راشكاوى باس له هه‌موو ورده‌كارییه‌كى سێكسى ده‌كات، كه‌چى هه‌ندێك جار به زمانێكى بێلایه‌نانه وه‌سفیان ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ون نه‌بێ، كه‌چى لاى ئۆڤید وا نییه، چونكه ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات باس له‌و ته‌ڵه‌كه‌بازییانه‌یش بكات كه بۆ "مێبازى" پێویسته. وه‌ك تێبینى ده‌كرێ وشه‌ى "ئاره‌زووبازى" لێره‌دا بۆ تێكسته‌كه‌ى ئۆڤید به‌كار ناهێنین، به‌ڵكو وشه‌ى "مێبازی"مان به‌كار هێناوه.
ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تاى كتێبه‌كه ئۆڤید زۆر شانازى به خۆیه‌وه ده‌كات و وه‌ك خواوه‌ندێك و مامۆستایه‌ك له‌م بواره‌دا خۆى ده‌ناسێنێ، له تێكستى یه‌كه‌مى "هونه‌رى ئاره‌زووبازى" هاتووه، "ئه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى هیچ شتێك له ئاره‌زوو نازانیت، بگه‌ڕێوه سه‌ر مه‌به‌سته‌كانم و تێڕامانى بۆ بكه. ئه‌و كاته له هونه‌رى ئاره‌زووبازى ده‌بیت به بلیمه‌ت". دواتر ده‌ڵێ "من ئه‌و كه‌سه‌م كه ڤینۆس كیوپیدى –خواوه‌ندى ئاره‌زووبازى- به من سپاردووه، منى له‌و هونه‌ره كردووه‌ته مامۆستا".
له زۆر شوێن ئۆڤید هونه‌رى ئاره‌زووبازى وه‌ك جۆرێك له راوكردن ده‌چوێنێ. پێی وایه كه‌سێك بیه‌وێ ئاره‌زووه‌كانى تێر بكات، ده‌بێت راوى بۆ بكات و بچێته ئه‌و شوێنانه‌ى كه ئه‌گه‌رى هه‌یه نێچیره‌كانى له‌وێ بن.
یه‌كێك له‌و تێكستانه‌ى كه ماوه قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین، "ته‌وق حه‌مامه"ى ئیبن حه‌زمه. ئه‌م ناونیشانه به ماناى "بازنه‌ى كۆتر" دێ، مه‌به‌ست ئه‌و ره‌نگه جیاوازه‌یه كه له گه‌ردنى هه‌ندێك كۆتر ده‌رده‌كه‌وێ ، وه‌ك له ناونیشانى دووه‌م ئاماژه‌ى بۆ كراوه، ئه‌م كتێبه "له‌باره‌ى هۆگربوونه" واته له باره‌ى هۆگربوونى ژن و پیاوه یان به‌شێوه‌یه‌كى دروستتر له‌باره‌ى" ئه‌ڤینداری"یه.
هه‌ڵبه‌ته وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ى بۆ كرا، ئه‌و كتێبه جیاوازى له‌گه‌ڵ دوو كتێبه‌كه‌ى تر هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه له‌لایه‌ن پیاوێكى ئاینى و زانایه‌كى ئیسلامى نووسراوه، دووه‌م جیاوازییش هه‌ر پێوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه ئیبن حه‌زم له‌م كتێبه‌دا باس له "عیشقى پاك" ده‌كات و چه‌ند جارێكیش له لاپه‌ڕه‌كانى كتێبه‌كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌و له‌باره‌ى عیشقێك ده‌نووسێ كه دوور بێ له چێژى جه‌سته‌یى، به‌ڵكو ئه‌وپه‌ڕى داوێنپاكى تێدابێ.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه، ئه‌م كتێبه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له روانگه‌ى ئاینه‌وه پێناسه‌ى "خۆشه‌ویستى" ده‌كات، ته‌نانه‌ت پێناسه‌كه‌یشى زۆر سه‌رنجڕاكێشه. ئیبن حه‌زم له‌باره‌ى خۆشه‌ویستى و ئه‌ڤین ده‌ڵێ، "ئه‌ڤین سه‌ره‌تا به گاڵته ده‌ست پێ ده‌كات و به رژدى كۆتایى دێ، له‌به‌ر شكۆكه‌كه‌ى ماناكه‌ى له‌وه وردتره وه‌سف بكرێت، راستییه‌كه‌ى ده‌رناكه‌وێ به‌مه‌ینه‌تى نه‌بێ، له ئاین ناپه‌سه‌ند نییه، له شه‌ریعه‌تیش قه‌ده‌غه نییه، چونكه دڵه‌كان به‌ده‌ست خوداى گه‌وره‌ن".
ئیبن حه‌زمى ئه‌نده‌لووسى دواتر له داكۆكیكردن له‌سه‌ر "ئه‌ڤیندارى" به‌رده‌وام ده‌بێ، ته‌نانه‌ت نموونه‌ى خه‌لیفه‌كان و یاره‌كانیان ده‌هێنێته‌وه و ناوى هه‌موویان ده‌بات. ئینجا له به‌شه‌كانى تر باسى جۆره‌كانى خۆشه‌ویستى و نیشانه‌كانى عاشقبوون ده‌كات. ئه‌و پێی وایه هه‌ندێك هه‌ن له خه‌و عاشق ده‌بن، هه‌ندێك به پێكه‌وه‌ژیان، هه‌ندێكى تر به یه‌ك نیگاى چاو. هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌یش له به‌شى جیاجیا باس ده‌كات. له هه‌موو ئه‌مانه جوانتر ئه‌وه‌یه بۆ هه‌ر یه‌كێك له بابه‌ته‌كان نموونه له مێژوو و به‌سه‌رهات ده‌هێنێته‌وه و زۆرجاریش شیعرى گونجاو له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كه داده‌نێ. ئه‌مه‌یش وایكردووه جگه له ناوه‌ڕۆكه مرۆییه‌كه‌ى كه خوێنه‌ر زۆر زانیارى له‌باره‌ى "ئه‌ڤین"ه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێ، كتێبه‌كه به‌هایه‌كى ئه‌ده‌بیشى ده‌بێ.