شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌سه‌ر بانگهێشتی سعوودیه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی حه‌جكردنی هاووڵاتییان ده‌چنه ئه‌و وڵاته و به‌رپرسێكی ئێران پێشوه‌خته ره‌تی ده‌كاته‌وه هیچ رێككه‌وتنێك له‌لایه‌ن شانده‌كه‌وه ئه‌نجام بدرێت.
هه‌فته‌ی رابردو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمییان بۆ سه‌رجه‌م وڵاتانی ئیسلامی ناردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌جی ساڵی 2017 ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد ئه‌وان هیچ بانگهێشتێكی فه‌رمییان له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه.
دوای ئه‌و هه‌واڵه سعوودیه به فه‌رمی بانگهێشتی كۆماری ئیسلامی كرد بۆ ئه‌وه‌ی شاندێكیان بچێته ریاز و بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانیان دانوستاندن بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 11ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ر، ماڵپه‌ڕی فه‌رمی كۆماری ئیسلامیی ئێران "ئیرنا" له زاری نوێنه‌ری خامنه‌یی بۆ كاروباری حه‌ج رای گه‌یاند، له‌سه‌ر بانگهێشتی سعوودیه مانگی داهاتوو شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كێشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی پێوه‌ست به حه‌ج، سه‌ردانی ریاز ده‌كه‌ن.
سه‌ید عه‌لی قازی عه‌سكه‌ری، نوێنه‌ری خامنه‌یی بۆ كاروباری حه‌ج له ئێران بۆ ئیرنا ئاشكرای ده‌كات، تا ئێسته‌یش له‌باره‌ی حه‌جكردنی ئه‌مساڵی ئێران هیچ بریارێكی ئه‌وتۆ نه‌دراوه و تا ئه‌وكاته‌ی دۆخه‌كه بۆ ئێران له‌بار نه‌بێت، به‌شداری له رێوڕه‌سمی حه‌جدا ناكه‌ین.
پێشتر میدیاكان باسیان له‌وه كردبوو، ناكۆكی نێوان ئێران و سعوودیه هه‌لێكی باشی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران ره‌خساندووه بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزییه‌كانی هاووڵاتییانی ئێرانی له مه‌كه‌وه بگوازنه‌وه بۆ كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌ستی تایه‌فی و مه‌زه‌وی له نێوان شیعه‌دا به‌رامبه‌ر مسوڵمانه سوننه‌كان به‌هێز بكه‌ن و له‌و رێگه‌یه‌وه قازانجی سیاسی لێ بكه‌ن.
ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامیی ئێران به فه‌رمی رای گه‌یاند، به‌هۆی كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ سعوودیه، له رێوڕه‌سمی حه‌جی 2016دا به‌شداری ناكه‌ن، هه‌ر ئه‌وكات له سه‌روبه‌ندی به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌جدا عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا، هێرشی توندی كرده سه‌ر سعوودیه و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته به رووڕه‌ش و رێگه لێ ونبوو ناو برد.
ساڵی 2015 به‌هۆی له‌سێداره‌دانی شێخ نه‌مر، مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی لایه‌نگری ئێران له سعوودیه، هه‌وادارانی سوپای پاسداران و پێڕه‌وانی هێڵی "ئیمام" هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر كۆنسوڵخانه‌ی سعوودیه له تاران و ئاگریان تێبه‌ر دا، له دوای ئه‌و رووداوه گرژیی نێوان سعوودیه و ئێران گه‌یشته به‌رزترین ئاستی مێژوویی خۆی.
سعوودیه ئێرانی به دنه‌دانی هاووڵاتییه شیعه‌كانی خۆی تۆمه‌تبار كرد و رای گه‌یاند، ئێران ده‌یه‌وێ له رێگه‌ی چه‌ند مه‌رجه‌عێكی ساخته‌وه پشێوی بخاته ناو هاووڵاتییانی شیعه و سوننه‌ی سعوودییه‌وه و شه‌ڕی مه‌زه‌وی له‌و وڵاته‌دا دروست بكات، له به‌رامبه‌ردا كۆماری ئیسلامیی ئێران سعوودیه‌ی به هاوپه‌یمان و هاوده‌ستی ئه‌مه‌ریكا و ئیسڕائیل ناو برد.
ئه‌و ناكۆكییانه ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی نه‌وه‌ستا و ئێران هه‌وڵه‌كانی خسته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌یسی رووداوی مردنی حاجییه‌كان كه به رووداوی "مونا" ناوبانگی ده‌ركردووه، زیندوو بكاته‌وه و هه‌روه‌ك له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی خامنه‌ییشدا دووپات كراوه‌ته‌وه، هه‌وڵ ده‌دات بیسه‌لمێنێت ئه‌و رووداوه به‌رنامه بۆ داڕێژراو بوو.
له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیانه‌دا كۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی رابردوو به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودییه‌یان به‌وه تاوانبار كرد كه ئاماده‌كارییه یاسایییه‌كانیان بۆ به‌ڕێكردنی حاجییانی ئێرانی، په‌ك خستووه و دواتر سعوودیه له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی دا، چه‌ندان جار وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ناوی حاجییه‌كانیان پێ بدات بۆ ئه‌وه‌ی ڤیزه‌یان بۆ ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسانی ئێران هیچ ناوێكیان پێ نه‌داون.
دواجار وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه رای گه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماده نییه ناوی هیچ هاووڵاتییه‌كی ئێرانیان پێ بدات، ئه‌وان به‌شێوه‌ی ئۆنلاین له رێگه‌ی ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه ناونووسی بۆ حاجییانی ئێران ده‌كه‌ن، دوابه‌دوای ئه‌و راگه‌یه‌نراوه، كۆماری ئیسلامیی ئێران به فه‌رمی ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌جی ساڵی 2016ی په‌ك خست و رای گه‌یاند، ئه‌مساڵ هیچ هاووڵاتییه‌كی ئێرانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌جێ ناگه‌یه‌نێت و هه‌ركه‌س پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره بجووڵێته‌وه، رووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌بێته‌وه.