بارزانی: پێشمه‌رگه‌ یەكڕیز و یەكدەنگه‌ بە بێ جیاوازیی حزبی


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ كرده‌وه‌گه‌لی مووسڵ ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ پێشمەرگە یەكڕیز و یەكدەنگ بە بێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی بەشدار دەبێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگە بە قارەمانێتیی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند. ئێستا شەڕی دژی تیرۆریستان لە قۆناغێكی یەكلاییكەرەوەدایە و هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراقی بەشداری شەڕی ئازادكردنی مووسڵ دەبێت.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگە یەكڕیز و یەكدەنگ بە بێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی بەشدار دەبێت و ئەرك و كاری سەربازیی هەموو لایەك دیاری كراوە. هەموو پێشمەرگەیەك كوڕ و برا و ئازیزی منن و كەسوكار و برا و پشت و پەنای یەكترن. داوا لە هەموو لایەنەكان و بەرپرسان و ڕاگەیاندنەكان دەكەم جیاوازی و موزایەداتی حزبی نەخنە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە، پێشمەرگە، پێشمەرگەی هەموو كوردستانە و سەركەوتنی پێشمەرگە سەركەوتنی هەموو كوردستانییەكە.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ هەر كەس یان بەرپرسێكی سەربازی، سەر بە هەر لایەنێك بێ ئەگەر دوور لە گیانی نیشتیمانی و پێشمەرگایەتی بێت و حزبیانە بجووڵێتەوە، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە ئیجرائاتی لەگەڵدا بكات و لە بەرەكانی شەڕ دووری بخاتەوە. كەناڵ و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش سەر بە هەر لایەنێك بن ئەگەر لە پۆششدانی هەواڵی شەڕەكان لەبری خزمەتكردنی كوردستان و پێشمەرگە بكەونە موزایەداتی حزبی ئەوە لە بەرەكانی شەڕ دوور دەخرێنەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.

لە خودای مەزن داواكارم كە پێشمەرگە لەو جەنگەدا سەركەوتوو بێت و داوایش لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم وەك هەموو جار پشتیوانی پێشمەرگە بن.
مسعود بارزانی
16ـی 10ـی 2016


وشە - كوردۆ شابان


PM:01:15:16/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 1129 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌