نەسرین مەحموود بێژەرە پێشەنگەكەی یەكەمین تەلەڤزیۆنی كوردی

:: AM:10:34:07/07/2019 ‌

لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا، دەنگ و رووخساری نەسرین مەحموود بۆ بینەرانی تەلەڤزیۆن، ناوێكی زۆر دیاری ئەو شاشەیە بوو. ئەو خاتوونە بەهۆی دەركەوتنی وەك یەكەم بێژەری ژنی كورد لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی كەركووكەوە، هەمیشە وەك میوانێكی رۆحسووك دەردەكەوت. لە رۆژگارێكدا  نەسرین بوو بە بێژەر، هێشتا ژنان و كچانی كوردستان لە ژێر پەچە و چارشێوی رەشدا بوون، بەڵام ئەو بوێرانە هاتە مەیدانی كاركردن بەتایبەتی دنیای راگەیاندن. 

نەسرین مەحموود لە دیمانەیەكی تایبەتی "وشە"دا دەڵێ‌، هەرچەندە بڕیارێكی زۆر سەخت بوو بۆ من لەو رۆژگارەدا لە بواری راگەیاندن بەگشتی و تەلەڤزیۆن بەتایبەتی كار بكەم، چونكە لەو كاتەدا تەنیا یەك كەناڵی تەلەڤزیۆنی كوردی هەبوو و زۆر بەئاسانی لەناو جەماوەردا دەناسرای، بەڵام من لەناو خێزانێكی رۆشنبیردا پەروەردە بووم و هەموو ئەندامانی خێزانەكەم پشتگیرییان لێ كردم، بەتایبەتی برا گەورەكەم زۆر هاوكاری كردم و باوكیشم كەسێكی لیبراڵ و كراوە بوو، بۆیە زۆر ئاسایی بوو بەلایەوە گوێ‌ بە قسە و قسەڵۆكی كۆمەڵگە نەدات، منیش بەرژەوەندی نەتەوەكەم خستە سەرووی هەموو شتێكەوە و ویستم بەهەموو دنیا بڵێم هەر  لەكۆنەوە كچ و ژنی كوردیش هاوشانی پیاوان لە هەموو بوارەكاندا كار دەكەن و لە هەوڵی داهێناندان. 

نەسرین زیاتر دەڵێ، لە ساڵی 1972 لە تەلەڤزیۆنی كەركووكەوە بانگەشە كرا كە پێویستیان بە بێژەرە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ‌ هەیە، منیش لە دوای تاقیكردنەوە وەك بێژەر قبووڵ كرام. دواتر بێژەر كاك هاشم جەباری من و چەند كچە بێژەرێكی نەتەوەكانی تری وەك لەیلا محەمەد نەورۆز و كەرەوان سەعید لە بەشی عەرەبی و هەردوو خوشك فەیحا زەینەلعابدین لە بەشی توركمانی و رەبقە خامس قەندۆ لە بەشی سریان، من و سوهەیلە ئیبراهیم لە بەشی كوردی برد بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێزگە و تەلەڤزیۆنی عێراق لە بەغدا، لەوێ‌ بۆ ماوەی سێ‌ مانگ لەگەڵ دەیان بێژەری نەتەوەكانی تر بەشداریم لە خولێكی راگەیاندن كرد و بەپلەی نایاب سەركەوتنم بە دەست هێنا. دوای منیش چەندان بێژەری تری كورد هاتنە تەلەڤزیۆنی كەركووك وەك پەروین مەحموود، دڵپاك تاهیر، ژیان عەزیز، سەمیرە محەمەد، درەخشان محەمەد و هیتریش.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كاتێ‌ بۆ یەكەمجار لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن دەركەوتی هەستت بەچی كرد؟ گوتی بێگومان شانازیم بە خۆمەوە كرد كە یەكەم بێژەری ژنی تەلەڤزیۆنی كوردم، بەسەربەرزییەوە خزمەتی كولتووری نەتەوەكەم دەكەم و كارێكی پیرۆز ئەنجام دەدەم و بەزمانی شیرینی كوردی كاری خۆم ئەنجام دەدەم.

بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەوەی لە نێوان سوهەیلە ئیبراهیم یان نەسرین مەحموود، كامیان بە یەكەم بێژەری ژنی تەلەڤزیۆنی كەركووك دادەنرێت؟ پێوەندیمان بە شارەزا و بێژەری پێشتری تەلەڤزیۆنی كەركووك هاشم جەبارییەوە كرد. ئەو گوتی من هەردوو بێژەر نەسرین و سوهەیلەم برد بۆ بەغدا بۆ تاقیكردنەوە و هەردووكیان سەركەوتوو بوون، وەلێ‌ بەهۆی بەردەوام نەبوونی سوهەیلەخان، نەسرین مەحموود بەیەكەم بێژەری ژنی كورد لە تەلەڤزیۆن دێتە هەژماردن.

نەسرین مەحموود لە ساڵی 1951 لە شاری كەركووك لە بنەماڵەیەكی رۆشنبیر و لیبراڵ لە دایك بووە. لە ساڵی 1972 لە تەلەڤزیۆنی كەركووك وەك یەكەم ژنە بێژەری كورد دامەزراوە. خێزاندارە و دایكی چوار كچ و سێ‌ كوڕە. وەلێ‌ بەداخەوە تا نهۆ وەك پێویست رێزلێنانی بۆ نەكراوە و ئاوڕی لێ‌ نەدراوەتەوە، لەلایەن راگەیاندنی كوردیشەوە فەرامۆش كراوە.

وشە/ ستار جەباری









وشە - وشه‌