سینەمای كوردی دەیەوێت سەرنجی بینەری ناوخۆ بۆ لای خۆی رابكێشێتەوە

:: PM:04:14:07/07/2019 ‌
پشتیوان عەبدوڵا ڕەخنەگری سینەمایی رای دەگەیەنێت، سینەمای كوردی خوێنەری ناوخۆیی لە دەست داوە و ئێستە بە ئاراستەی ئاشتكردنەوەی خوێنەری كورد هەنگاو دەنێت.

پشتیوان عەبدوڵا ڕەخنەگری سینەمایی تایبەت بە "وشە" ی ڕاگەیاند،  سینەمای كوردی بە ئاراستەیەك ڕۆیشت تەنیا بۆ دید و هزری بینەری  كورد نەبوو، بەڵكو بە مەبەستی گەیاندنی دۆخی ڕەوای كورد بوو بە هەموو دنیا، لەمەدا تا ئاستێك سینەمایی كوردی سەركەوت و ناسرا، بەڵام گرینگترین پێكهاتە و تەواوكەری خۆی لە دەست دا، ئەویش بینەر و جەماوەری ناوخۆیە، هەروەها سینەمایی هیچ گەل و وڵاتێك بێ بینەر و جەماوەری خۆی دروست نابێت، بۆیە سینەمای كوردیش تا ئێستە دروست نەبووە، چونكە جەماوەر و بینەری ناوخۆ تەواوكەری دروستبوونی سینەمایی نیشتمانین.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێستە سینەمای كوردی دەیەوێت بە ئاراستەیەكی تر كار بكات و سەرنجی بینەر و جەماوەری ناوخۆ بۆ لای خۆی رابكێشێتەوە، هەروەها تاكە هۆشیاری بۆ سینەمای ئێستە دەبێ ئەوە بێت جەماوەر و بینەری كورد هەست بكەن بەشداری ئەوان لە بینینی فیلمی كوردی گرنگە و سینەمای نیشتمانی كوردی بە بەشداری ئەوان دروست دەبێت و سینەماكارانیش دەبێت ڕێز لە هەستی بینەر و جەماوەرەكەیان بگرن.

لەبارەی هۆكارەكانی بەشداری نەكردنی جەماوەر لە سینەمای كوردستان و كەمی بینەر لەو بوارەدا دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە نابێ گلەیی لە جەماوەر بكەین، چونكە ئێستە دنیا پێش كەوتووە، جەماوەر فیلمی ئاست باڵا و بە توانا دەبینێت، دەبێت ڕێز لە هەستی جەماوەر بگیرێت، ئەم كارەش بە هەموو كەسێك ناكرێت، وەزارەتی ڕۆشنبیری كەمتەرخەم نەبووە لەوەی كە سینەمای كوردی بێ جەماوەر بێت، بەڵكو دەرهێنەرەكانن فیلمیان بۆ جەماوەر دروست نەكردووە، پێویستە لەمەودوا وەزارەت تەنیا پارە بۆ ئەم فیلمانە خەرج بكات كە بۆ جەماوەرە. 

لە وەڵامی ئەم پرسیارەی كە فیلمێكی سینەمایی كوردی زیاتر لە 500 ملیۆن دیناری تێدا خەرج كرا، بەڵام فیلمەكە سووتا، پشتیوان عەبدوڵا لە وەڵامدا دەڵێ، بەڵێ ڕاستە، ئەمە فیلمی "كەواتە چاوەڕێ بە" بوو، فیلمەكە بە سیستەمی كۆنی 35 ملیمی دروست كرا و مۆنتاج و موزیكی تەواو نەبوو، پارەی دەویست، بۆیە پارەكە بە تەواوی خەرج نەكرا و كارەكانیشی لە ئێران بوو، هەر دواكەوت و پارەش نەبوو بۆ تەواوكردنی فیلمەكە، ئێستە فیلمی 35 ملیمی باوی نەماوە و بووەتە دیجیتاڵ، بۆیە خامەكەی هەمووی تێكچوو، وای دابنێن شەقامێكە و دروست كرا و تێكچوو، لە هەموو بوارەكان شتی لەم جۆرە ڕوو دەدات.

پشتیوان عەبدوڵا ڕەخنەگری سینەمایی، ٣٢ ساڵە بە كوردی و عەرەبی لەسەر سینەما دەنووسێ، سەرۆك و دامەزرێنەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی دژ بە تیرۆرە لە هەولێر.

هەولێر/ گەرمیان گلی


وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 215 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌