یە‌كێتی وەڵامی پەیامه‌كه‌ی هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەداتەوە

:: PM:04:55:11/01/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی نامەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە كە ڕەخنەیان لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان گرتبوو، دەڵێ ئەگەر ئێوە جارێك رەخنەتان لە ڕێككەوتنەكە هەبووبێ، ئێمە دەیان رەخنە و سەرنجمان هەبووە.

نیار عوزێری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كادری ئەو حزبە لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەسەر ڕێككەوتننەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان پەیامیان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی حزبەكەیان كردووە، وەك پیشەی هەمیشەییان سەرتاپای پەیامەكەیان هێرش كردنە بۆ سەر یەكێتی و سەركردایەتی یەكێتی، كوێرانە كەوتوونەتە گیانی یەكێتی و خۆیان زۆر پێ مەزڵوومە لەم ڕێككەوتنە.

ئاماژەی دا، ئەوان باس لە سەرنج و ڕەخنەیان لە رێككەوتننەكە دەكەن وەك ئەوەی خێریان بە یەكێتی كردووە، دەڵێ، ئەگەر ئێوە جارێك سەرنج و ڕەخنەتان هەبووبێ، ئەوە ئێمەی كادرانی یەكێتی دەیان سەرنج و ڕەخنەمان لەسەر ڕێككەوتنەكە هەبووە.

ئەو كادرەی یەكێتی دەپرسێ، هەڵوسوڕاوای گۆڕان بیرتان چوو یەكێتی لە چ كاتێك ڕێككەوتنی لەگەڵ حزبەكەی ئێوە واژوو كرد، لە خۆتان ناپرسن ئەو كات دۆخی حزبەكەتان لە چ ئاستێك دا بوو. ئەی لە خۆتان ناپرسن جگە لە یەكێتی هیچ حزبێكی تر ئامادەیی هەبوو دەستتان بگرێ و لەو نەهامەتییەی تێی كەوتوون دەرتان بێنێت.

ئەندامەكەی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هێما بۆ ئەوەش دەكات كە ئەوەی لە ناوەرۆكی پەیامەكەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان دژ بە یەكێتی هاتووە، (یارییەكی زۆر ناشرین دەكەن كە بە زیانی خەڵكی كوردستان و پرۆسەی سیاسی بە گشتی شكاوەتەوە)، ئەو جارەیان ڕوو لە ڕای گشتی كوردستان دەكەم و لێیان دەپرسم كامەمان یاری ناشرین دەكەین، ئێمەی یەكێتی یان ئەوانی گۆڕان.

هەروەها دەپرسێ، ئاخر پێم ناڵێن لە سیستەمی كام وڵات و حكوومەت هەبووە بەشداربی لە حكوومەتەكە و بە زمانی ئۆپۆزسیۆنی قسە بۆ گەل بكەیت، ئاخر هەر حزبەكەی ئێوە نەبوو بە رۆژ لە حكوومەت بەشداربوو و بەشەویش بە دەنگێكی زوڵاڵی ئۆپۆزسیۆن بەچاوێكی فرمێسكاوی تیمساحی خۆڵتان دەكردە چاوی خەڵك و شین و ڕۆڕۆتان بۆ خەڵك دەكرد، تا خەڵك و حزبەكەی خۆتان بەم رۆژە نەهامەتییە گەیاند.

جێی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوو هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێكیان بڵاوكردەوە ڕەخنەی توندیان لە گۆڕان لەسەر ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی كرد و بزووتنەوەی گۆڕانیان بە قەڵغانی پاراستنی گرووپێكی پاوانخوازی یەكێتی ناوبرد.




وشە - باز ئه‌حمه‌د