ژاپۆن كونسوڵخانەی لە هەولێر كردەوە

:: PM:06:57:11/01/2017 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم شاندێكی باڵای ژاپۆن لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش بەفەرمی كونسوڵخانەی ژاپۆن لە شاری هەولێر كرایەوە، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە رێورەسمی كردنەوەی باڵوێزخانەكە رای گەیاند كە مەبەستیانە پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببەنە پێشەوە و بڕیاریان دا ئەو كونسوڵخانە لە هەولێر بكەنەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك لەوەزیر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان مەراسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی ژاپۆن لە پارێزگای هەولێر بەرێووە چوو.

شەوی رابردوو كینتار سۆنۆرا وەزیری كاروباری دەرەوەی ژاپۆن لەگەڵ ژمارەیەك لە بەپرسی باڵای وڵاتاكەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و ئەمڕۆ چوارشەم لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك بەپرسی باڵای هەرێم كۆبوونەوە.

هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم بەفەرمی كونسوڵخانەی ژاپۆن لە شاری هەولێر كرایەوە و فۆمیۆ نیوان باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە رێورەسمەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، بۆ ئەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببەنە پێشەوە بڕیاریان داوە ئەو كونسوڵخانەیە لە پارێزگای هەولێر بكەنەوە. 

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكارییەكانیان لەكاتی كردنەوەی كونسوڵخانەكەدا.

هاوكات كینتار سۆنۆرا وەزیری كاروباری دەرەوەی ژاپۆن گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، وەك ژاپۆن هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان قوڵتر ببنەوە.

زیاتر گوتی، یارمەتییەكانمان بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر دەكەین و سوپاسی كوردستانیشی كرد كە پێشوازی گەرمی كردوون بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەكەیان لە پارێزگای هەولێر.

لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا ئاماژەی دا، سەڕەرای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی سەختدایە، بەڵام بەردەوامن لە بەرەوپێشچوون.

لە رێورەسمەكەدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێزانینمان بۆ خەڵكی ژاپۆن هەیە و سەرسامیین بە پێشكەوتنەكانتان و هیوادارین سوود لەیەكتر وەربگرین.

مستەفا لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا گوتی، ژاپۆن ڕۆڵی گەورەی لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە دەكرێت لەگەڵ ئەو وڵاتە پێوەندی درێژخایەنمان هەبێت.

زیاتر گوتی، لە میانی بەرێوەچوونی شەڕی چەكدارانی تیرۆرستی داعش، پێشمەرگە توانیویەتی ڕۆڵی گەورە ببینێت و ببێتە هۆكارێك بۆ سەقامگیری ناووچەكە و كەمكردنەوەی هەڕەشەكانی داعش لەسەر جیهان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە هەرێمی كوردستان دەمانەوێت پشتگیری نێودەوڵەتی بەدەست بێنین و لە نێویاندا پشتگیری ژاپۆن وەربگرین بۆ گەشەسەندنەوەی هەرێمی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم