ئەو پڕۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان پەسەند كرا تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مووچەی خانەنشین و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكانیش دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە دانیشتنی ژمارە 43ی خۆیدا پڕۆژەیەكی پەسەند كرد، كە بەپێی پڕۆژەكە ئەو مووچەیەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت كراوە، تا فەرمانبەران بتوانن بەرامبەر دانەوەی قەرزەكانی خزمەتگوزاری وەك ئاو و كارەبا و سەرپێچی هاتووچۆ بەركاری بێنن.
ئازاد ئەكرەم ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەم دڵنیایی دایە مووچەخۆرانی خانەنشین و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند، بەدڵنیاییەوە پڕۆژەكەی چەكی بانكی مووچەخۆرانی خانەنشین و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكانیش دەگرێتەوە و ئەوانیش دەتوانن پاشەكەوتی موچەكانیان بۆ خزمەتگوزارییەكان بەشێوەی چەكی بانكی بەكار بێنن، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پڕۆژەكە پیشان دا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر زیاتر گوتی، پڕۆژەكە پێویستی بە وردەكاری دارایی هەیە بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆی بكات، چونكە گرنگە لەكاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دۆخی دارایی و ئابووری كوردستان لەبەر چاو بگیرێت.
دووشەمی ڕابردوو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبوونەوە و پڕۆژەكەیان پەسەند كرد و ڕایان گەیاند كە داواكارن بۆ بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان حكوومەتی هەرێم پڕۆژەكەیان پەسەند بكات.