هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی و پشتیوانی ڕووسا له سووریا و جێگیركردنی پێگه‌ی سه‌ربازی له كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، دووباره مۆسكۆی وه‌ك یاریكه‌رێكی به‌هێز بۆ ناوچه‌كه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، له ته‌ك ئه‌وه‌یش دا، مۆسكۆ جیا له دیوی سه‌ربازی، له رووی دیپلۆماسی و ئابوورییه‌وه‌یش ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره هه‌ژموون به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بسه‌پێنێته‌وه، هێز و دیپلۆماسیش به دوو كاریگه‌رترین ئامرازی ڕووسیا بۆ قایمكردنی شوێن پێ له ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێن.
شاره‌زا و پسپۆرانی یانه‌ی ڤالدای باس له ئامانج و هه‌وڵه‌كانی ڕووسیا بۆ هه‌ژموون سه‌پاندن به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه مۆسكۆ ده‌یه‌وێ هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی بیری ماركسیه‌ت و پاوانخوازییه‌كانی سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت، ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگه‌ڕێنێته‌وه و له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوویش هه‌نگاوی زۆر مه‌زنی هاوێشتووه و به ته‌واوی ئاماده‌یی له سووریا و عێراق و وڵاتانی تری ناوچه‌كه هه‌یه.
ژماره‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی ڕووسیا ئێسته له سووریا به هه‌زاران هه‌ژمار ده‌كرێن و بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی له مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش دا، ئه‌سه‌د مافی وه‌به‌رهێنانی له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی سووریا و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا به ڕێژه‌یه‌كی ڕه‌ها به مۆسكۆ داوه، ئه‌مه‌یش به یه‌كێك له خاڵه گرنگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی رووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت.
له وته‌یه‌كی له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 28ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری ڕابردوو ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه ئه‌و هه‌نگاو ده‌نێت، بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، به‌ڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا دهسپێشخهرییهكهیان ڕه‌ت كرده‌وه و خۆیان هاوپه‌یمانییان پێكهێنا، كه‌چی نه‌یانتوانی وه‌ك مۆسكۆ هه‌ژموون به‌سه‌ر سووریا و عێراق بسه‌پێنن، چونكه ئێسته‌یش هه‌ژموونی ڕۆژئاوا كه تاڕاده‌یه‌ك له عێراق كاریگه‌رتره، ناتوانێ وه‌كچۆن مۆسكۆ سووریای داپۆشیوه، به‌مشێوه‌یه عێراق بخه‌نه ژێر كاریگه‌ری خۆیان و دایبپۆشن.
پوتین هۆكاری كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقای بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا گه‌ڕانده‌وه و دووپاتی كرده‌وه، كه به‌هۆی پشتیوانی ڕۆژئاوا له به‌هاری عه‌ره‌بی، ناوچه‌كه بووه‌ته پارچه‌یه‌ك ئاگری نه‌كوژاوه و به‌رده‌وامیش له كڵپهسهندنه و ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون نییه و بگره داهاتوویه‌كی ناڕوون و كێشه و ئاڵۆزی زۆرتر چاوه‌ڕوانی ناوچه‌كه ده‌كات.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، مۆسكۆ به ته‌واوی پشتیوانی له ئه‌سه‌د كرد و پێگه‌ی خۆی له ناوچه‌كه قایم كرد و له 26ی ئاب/ئۆگه‌ستی 2015یش ڕێككه‌وتن له نێوان مۆسكۆ و دیمه‌شق واژووكرا، كه فڕۆكه جهنییهكانی ڕووسیا له سووریا بڵاو ده‌كرێنه‌وه و مافی ئه‌وه‌یشیان هه‌یه به ئازادی له ئاسمانی سووریا بسووڕێنه‌وه، بنكه‌یه‌كی گه‌وره و زه‌به‌لاحی سه‌ربازیش كه توانای پێشوازیكردنی فڕۆكه جه‌نگییه پێشكه‌وتووه‌كانی ڕووسیای هه‌یه له لازقییه كرایه‌وه.
گه‌ڕانه‌وه‌ی هێز و فڕۆكه و كه‌شتی جه‌نگی ڕووسیا بۆ كه‌ناراوه‌كانی سووریا، سه‌ره‌تای هه‌نگاوی كرده‌یی بوو بۆ هاتنه‌وه‌ی مۆسكۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له ته‌ك به‌رده‌وامی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی سه‌ربازی وڵاته‌كه له سووریا، هاوكات له ڕێی پێوه‌ندی دیپلۆماسییه‌وه، مۆسكۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری ناوچه‌كه كه‌وته گفتوگۆ و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان و ژووری هاوبه‌شی هه‌واڵگری بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستان له نێوان سووریا و عێراق و ئێران و ڕووسیا له به‌غدا دروست كرا، فره‌وانخوازییه‌كانی ڕووسیا ڕووی له هه‌نگاوێكی تری مێژوویی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته كرد.
خودنسكایا جۆلینیشیڤا پسپۆر له یانه‌ی ڤالدای و گه‌وره ڕاوێژكار و پلاندانه‌ری ستراتیجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌وباره‌وه گوتی، توركیا و قه‌ته‌ڕ و سعوودیه و ئیمارات، ئێسته له ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه تۆكمه‌ترین پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ هه‌یه، هاوكات میسڕ و عێراق و جه‌زائیریش پێشوازیان له هاتنی ڕوسیا بۆ ناوچه‌كه به ئامانجی لێدان له تیرۆریستان كرد.
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پێشوازی وڵاتان له گه‌ڕانه‌وه‌ی، چه‌ند بۆ سیاسه‌تی ژیر و سه‌ركه‌وتووی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگه‌ڕێته‌وه، دوو هێنده‌یش بۆ ناڕێكی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا به ته‌واوی بێ هیوا بوون له هه‌موو به‌ڵێن و پلانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌یخسته ڕوو بۆ له‌ناوبردنی ئاڵۆزییه‌كان و چه‌سپاندنی ئارامی له ناوچه‌كه، كه‌چی ئاڵۆزی و شكسته‌كان هه‌ر زیاتر ده‌بوون، بۆیه وڵاتان به ناچاری پێشوازیان له هاتنه‌وه‌ی رووسیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.
لایه‌نێكی تری سه‌ركه‌وتنی
ڕووسیا به یه‌كسانی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ وڵاته ناكۆكه‌كانی ناوچه‌كه، به یه‌ك هه‌نگاو له توركیا و قه‌ته‌ڕ و سعوودیه و ئیماڕات و عێراق و ئێران و فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل چووه‌ته پێش و خۆی به‌لای هیچ یه‌كێك له وڵاتان دا ناكێشی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تر، به‌ڵكوو هه‌میشه دووپات له بێلایه‌نی خۆی و به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدانی زیاتری پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كاته‌وه، ئه‌مانه‌یش كاریگه‌ریی مۆسكۆیان زیاتر كردووه، چونكه به‌مشێوه‌یه ده‌بێته نێوه‌ندگیرێكی به‌هێز و هه‌مووانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی بێلایه‌نانه مامه‌ڵه ده‌كات به ڕێز و شكۆوه پێشوازی له ده‌سپێشخه‌ری و به‌رنامه و پلانه‌كانی ڕووسیا بۆ داهاتووی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.