تەنیا لەماوەی
مانگی رابردوودا و لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخەوە 54 هەزار گەشتیاری هەرێمی
كوردستان، بەهۆی نەمانی پارەی بیمە و فیزای ئێرانی، سەردانی كۆماری ئیسلامی
ئێرانیان كردووە و زیاتر لە 50 هەزار گەشتیاری ئێرانیش هاتوونەتە خاكی هەرێمەوە.
ئەمڕۆ سێشەم نۆی
تەمووز، مەریوان كەریم، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پێوەندییەكانی خاڵی سنووری
نێودەوڵەتی باشماخ، بە "وشە"ی راگەیاند، لەدوای رێكکەوتنی نێوان هەردوو
حكوومەتی ناوەند و ئێران و لابردنی پارەی بیمە و فیزا لەلایەن ئێرانەوە، مانگی
حوزەیرانی رابردوو 54 هەزار هاووڵاتی و گەشتیار لەهەرێمی كوردستانەوە و لەرێگەی
باشماخەوە، سەردانی وڵاتی ئێرانیان كردووە.
روونیشیكردەوە،"هاوكات
هەر لەو ماوەیەدا، 52 هەزار گەشتیاری ئێرانی "فارس و كوردانی رۆژهەڵات"
بە هەمان شێوە لەڕێی باشماخەوە سەردانی شار و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی
كوردستانیان كردووە".
مەریوان کەریم
دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە ئەو كەسانەی لە سنوورەكان دێن و دەچن و بەهەر هۆیەك بێت
دەیانەوێت گەشت بكەن لە نێوان هەرێم و ئێران، بێ پاسپۆڕت و فیزای ئەلیكترۆنی
رێگەیان پێنادرێت هاتوچۆ بكەن و دەبێت ئەم خاڵە لەبەرچاو بگیرێت كە فیزا ماوە
تەنیا بڕە پارەكەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم لابراوە و بۆ ئێرانییەكانیش كاتێك دێنە
هەرێم بڕە پارەیەكی كەمیان لێ وەردەگیرێت.
باشماخ، یەكێكە
لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی
پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی
رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجامدەدرێت.
هەولێر/ رێبین
پێنجوێنی