هەر ئۆتۆمبێلێك لە هەرێمەوە بچێتە ئێران نزیكەی 200 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت

:: PM:09:09:09/07/2019 ‌
بەهۆی ئاسنكارییەكان و كەمبوونەوەی ئەو پارەیەی لە گەشتیاران وەردەگیرێت، بردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمەوە بۆ ئێران زیادی كردووە و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكیش نزیكەی 200 هەزار دینار وەردەگیرێت.

یاسین مەحموود ڕەشید سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك گەشتیاری هەرێم لەگەڵ خۆی ئۆتۆمبێل بباتە ناو خاكی ئێران، بڕی 120 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت و ئەمەش لە مێژووی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران كەمترین بڕی پارەیە كە ئێران لە گەشتیاری هەرێمی وەردەگرێت.

ئەوەشی گوت, هەموو رێكارێك بۆ گەشتیاران لە نێوان هەرێم و ئێران ئاسانكاری بۆ كراوە، هەر لە مامەڵەكانەوە تا دەگاتە ڤیزا و وەرگرتنی ئەو پارەیەش كە لە بەرانبەر ئۆتۆمبێلەكان وەردەگیرێت, ساڵانی رابردوو ئەگەر گەشتیارێك ئۆتۆمبێلی خۆی ببردایە بۆ ئێران، نزیك بە 500 هەزار دیناری لێ وەردەگیرا, ئێستە بە پارەی ڤیزا و مامەڵە و پارەی ئۆتۆمبێلەكەش هەمووی بۆ 120 هەزار دینار كەم كراوەتەوە، لە كاتی گەڕانەوەش بڕی 200 بۆ 300 هەزار تمەنی لێ وەردەگیرێت كە دەكاتە 25 هەزار دینار.

بەگوتەی یاسین مەحموود بەهۆی كەمبوونەوەی ئەو پارەیەی بۆ بردنی ئۆتۆمبێل دەستنیشان كراوە و هاوكات نەمانی پارەی ڤیزا لەلایەن ئێرانەوە كە لە ساڵانی رابردوو بۆ هەر ڤیزایەك 65 هەزار دینار وەردەگیرا، وایكردووە رۆژانە لە سنوورەكانی ئێرانەوە لەگەڵ هەرێم، نزیك بە 100 ئۆتۆمبێل لە خاكی هەرێمەوە بچنە ئێران.

"بردنی ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆیان لەلایەن گەشتیارانەوە سوودی زۆری بۆ گەشتیاران هەیە، چونكە گەشتیار ئاسوودەترە و ئۆتۆمبێلی خۆی پێیە، هەروەها خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت ئەو بەنزینەی كە لە ناوخۆی ئێران هەیە شۆفێر تانكی بەنزینەكەی پڕ بكات و بڕە پارەیەكی زۆر كەمی تێدەچێت كە بەراورد بە ناوخۆی هەرێم پارەیەكی كەمە، سەرەڕای كوالێتی باشی بەنزینەكەی." یاسین مەحموود وای گوت.

هاوكات ساماڵ سەردار بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە "وشە" راگەیاند، ئەو گەشتیارانەی كە لە هەرێمەوە ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆیان دەبەنە ئێران، لەلایەن ئێرانەوە پارەیان لێ وەردەگیرێت، لە دیوی هەرێمیش بڕە پارەیەكیان لێ وەردەگیرێت كە زۆر كەمە. بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك كە لە هەرێمەوە بچێتە خاكی ئێران, بڕێك پارەی لێ وەردەگیرێت كە 120 هەزار دینار دەبێت, ئەو پارەیە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمی كردووە، چونكە لە ڕابردوو بڕە پارەكە زۆر بوو.

لە بەرانبەردا شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە"وشە"ی راگەیاند، هەر گەشتیارێكی هەرێم بیەوێت بەئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكات لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، بەر لە هەر شتێك دەبێ دەفتەری تایبەت بەرێپێدانی هەبێت، كە ئەوەش لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی سلێمانی بۆی دەكرێت. جگە لەمە هەر كەسێك ئەو دەفتەرەی پێ بێت لە بەڕێوەبەرایەتی دەفتەرەكەی لێ وەردەگرن و بۆی مۆر دەكەن، كە چووەتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بڕی نۆ هەزار دیناری عێراقی لێ وەردەگرن و هەر كاتێكیش لە ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ خاكی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر بڕی نۆ هەزار دیناری عێراقی لێ وەردەگرن كە بەكۆی گشتی بڕی 18 هەزار دینار دەدات.

وەك ئەو بەڕێوەبەرە خستیەڕوو، لە دیوی ئێرانیش هەر ئۆتۆمبێلێكی گەشتیارانی هەرێم و عێراقی، لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلەكانی لای ئێرە هیچیان تەئمین نەكراون و كۆمپانیای دڵنیایی و گرەنتیمان نییە، لە ئێران خۆیان كۆمپانیایەكی تایبەتیان هەیە و بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكان لە100 بۆ 150 دۆلاری ئەمەریكی تەئمین دەكرێن.

بەپێی ئامارێك كە بە "وشە" دراوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ تەنیا 25 ئۆتۆمبێل لە مەرزی باشماخەوە چوونەتە ئێران، بەڵام لە مانگی حوزەیران بەهۆی دەستپێكردنی پشووەكان و گەرمبوونی كەشوهەوا، ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمەوە بۆ ئێران زیادی كردووە بە جۆرێك تەنیا لە مەرزی باشماخ لەو مانگەدا زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل چوونەتە ئێران.

محەمەد حوسێن مانگی رابردوو بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە چووەتە ئێران. ئەو بە "وشە"ی راگەیاند، مامەڵەی بردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران تا ئاستێك ئاسانكاری تێدایە و بڕی ئەو پارەیەش كە وەردەگیرێت لە نێوان هەرێم و ئێران بۆ ئۆتۆمبێل، نزیك دەبێتەوە لە 200 هەزار دینار, پارەكەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەم كراوەتەوە.

جگە لەمە ئێران خۆی دڵنیایی بۆ ئۆتۆمبێلەكانی هەرێم دەكات و بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكەی نرخێك دادەنێت كە 100 بۆ 150 دۆلار دەبێت و لە شۆفێر وەردەگیرێت و لە هەرێمیش لە كاتی دەرچوون بڕێك پارە وەردەگیرێت كە كەمترە لە 25 هەزار دینار.

رێكارەكان بەگشتی ئاسان كراون، بەڵام بەراورد بەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئێرانەوە دێنە ناو هەرێم، پارەی زیاتر لە ئۆتۆمبێلی هەرێم وەردەگیرێت. كاروان محەمەد گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێك كە دەچێتە ئێران، پێشتر لەلایەن گومرگی سنوورەكان كە پێوەندییان لەگەڵ هاتوچۆ هەیە، كۆمەڵێك ڕێكار و مامەڵە و پشكنین هەیە بۆ ئۆتۆمبێلەكەی دەكەن.

ئەوەشی گوت، گومرگی سنوورەكان لە ڕێی نووسراوێكەوە بۆ هاتوچۆی سلێمانی، حجز دەخاتە سەر ئۆتۆمبێلەكان، لە كاتی گەڕانەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ئێرانەوە ئەو حجزانە لادەبرێن.

وشە/ هۆشیار عەلی و ڕێبین پێنجوێنی



وشە - وشه‌