وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێ ئومێدی خۆی بۆ جولاندنی كەیسەكانی جینۆساید لە دادگەی نێودەوڵەتی نیشان دا رای گەیاند كە دادگەیەكی لۆكاڵی جینۆساید بەپێوەری نێودەوڵەتی و دووپاتیشی كردەوە كە داوای كردووە شوێنێك لە مۆزەخانەی هۆڵۆكۆست لە ئەمریكا بۆ پرسی جینۆسایدی كورد دیاری بكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوان، ئەمڕۆ چوارشەم وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون لەگەڵ دەستەی توێژەرانی نێودەوڵەتی بواری جینۆساید كۆبووەتەوە كە ئەو دەستەیە چەند رۆژێكە سەردانی شاری هەولێریان كردووە و بڕیارە ۆورك شۆپێك لەبارەی پرسی جینۆساید ئەنجام بدەن.
مەحموود حاجی ساڵح وەزیری كارووباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەو دەستەیە رای گەیاندووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی هەیە بۆ دروستكردنی دادگەیەكی تایبەتمەندی لۆكاڵی بەپێوەری نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی دادگەی سەرانی داعش و كاری لیژنەی ناساندی جینۆساید.
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بێ ئومێدی خۆی بۆ جوڵاندنی كەیسەكانی جینۆساید لە دادگەی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەندام نەبوونی عێراق لەو دادگەیە پێشان دا.
حاجی ساڵح داوای لە دەستەی توێژەرانی نێودەوڵەتی بواری جینۆساید كردووە كە هاوكاری وەزارەتەكە بكەن بۆ ئەوەی شوێنێك لە مۆزەخانەی هۆڵۆكۆست لە ئەمریكا بۆ پرسی جینۆسایدی كورد دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی بەڵگە و دێكۆمێنتی تاوانەكانی دژی بە كوردی تێدا پێشان بدەن.
بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دژی كورد هەوڵەكان بەردەوامی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی عێراق وەك ئەندامی دادگەی نێودەوڵەتی لە لاهای، تا ئێستە هەوڵەكان بەتەواوی نەگەیشتوونەتە ئەنجام.