پارتە ئیسلامییەكان بەجیا لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە

:: PM:09:17:11/01/2017 ‌


گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكان دەستی پێ كردووەتەوە و پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەمڕۆ چوارشەم لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام دا و وەك خۆیان رایان گەیاند ئەوان كەیشتوونەتە لێكگەیشن.

ئەمڕۆ چوارشەم كامیل مەحموود گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان ئەندامی یەكێك لەو سێ‌ حزبە ئیسلامییانە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ گەڕی دووەمی دانیشتننەكان كۆبوونەوەی نێوان پارتە ئیسلامییەكان لەگەڵ پارتی، بەشێوەی جیاواز دەبێت و هەریەكەیان وەك پارتێكی جیاواز كۆبوونەوە دەكەن.

پێشتر گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕای گەیاندبوو كە لیژنەیەكی 15 كەسیان پێك هێناوە بۆ سەرەتای نزیكبوونەوەی سێ پارتە ئیسلامییەكەی هەرێمی كوردستان، كە ئەم لیژنەیە سەرپەرشتی پەروەردە و دەزگەی میدیاكانی هەرسێ پارتەكە دەكات لە قۆناغی سەرەتادایە دواتر بەرفرەوان دەكرێت، هەروەها هەرسێ پارت پابەندی بڕیاری ئەم لیژنەیەن هەر بڕیارێكیش بدرێت بڕیاری هەرسێ حزبە. 

سێ‌ پارتە ئیسلامییەكەی باشوری كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاریكاریی ئیسلامی لیژنەیەكی 15 كەسی پێك دەهێنن و ئێستە سەرقاڵی دانانی پێڕەو و پرۆگرامن و لە ڕۆژانی داهاتوودا كۆ دەبنەوە، هەروەها لە ڕووی بانگەواز و سیاسەتەوە كاری هاوبەش و پێكەوەیی زیاتریان هەبێت لە نێوان حزبە ئیسلامییەكان. 
كۆبوونەوەكان لە چوارچێوەی ئەو دەسپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێت بۆ چارەسەری تەنگژە ناوخۆیییەكان كە لە 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016 ئاراستەی ڕای گشتیی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێك بهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم.





وشە - رامیار جەواد