هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری حكوومەت بخوێننەوە

:: PM:12:58:10/07/2019 ‌
دوای سوێندخواردنی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی كارنامەی چوار ساڵی حكوومەتەكەی راگەیاند.

مەسرور بارزانی لەسەرەتای خوێدنەوەی كارنامەكە رای گەیاند: "ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنیا هێلە گشتییەكانی كارنامەی حكوومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەكی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێكردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین كار و كەمترین گوتارمان هەبێت".

هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێككەوتنە سیاسییەكان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەكانی ناو كابینەی نۆیەم رێكخراوە و بۆچوون و پلانی تێكرای بەشداربووانی ئەم كابینەیە لە خۆ دەگرێت.

جێبەجێ كردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەكی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی ناو ئەم كابینەیە دەبێت.

هێلەگشتییەكان لە چەند سەرەبابەتێكدا پۆلێن كراون بەم شێوەی خوارەوە:

لە ئاستی چاكسازیدا:

یەكەم: كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەركردن و رێكخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێكاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەك كە لەم كەرتە كرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستكردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەكردنەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی  و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێكی تازە و گونجاو.

دووەم: كار دەكەین بۆ نەهیشتنی ڕووتین و هەروەها خێراكردنی ڕاپەراندنی ئیش و كاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەكاندا. بە كردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزاركردنی دامەزراوە حكومییەكان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەكترۆنیەكان دەدەین.

سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حكومەت پێگەی كارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەكاربهێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەركارەكانی هەرێم، نابێ بەرپرسان كاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بكەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەك لەم بوارەدا دەكەین.

چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی كۆنگرە و كۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە هەدەردانی سامان و خەراب بەكارهێنان و بەلاڕێدابردنێك لەم بوارانەدا دەگرین.

پێنجەم: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندڵیەكی دارایی و كارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵك و مومتەلەكاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی كاراكردن و پشتیوانی كردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواكاری گشتی.

شەشەم: كاردەكەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەكانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەكانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەكان.  بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە كاردەكەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە پێی یاسای پەیوەندیدار.

حەوتەم: بە پێی ستاندەرە جیهانییەكان، چاكسازی لە كەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاك دەكەین و  رێكاری یاسایی بۆ هەر سەر پێچیەك كە لەم لایەنە ژیاریەدا بكرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین.

هەشتەم: چاكسازی لە سیستەمی باج دەكەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میكانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێكخستنی باج.

نۆیەم: كار دەكەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخكاری (احتكار) بە پێی یاسای بەركار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی كۆمپانیاكانی پشكداری.

دەیەم: پشتیوانی كاری چاودێریی پەرلەمانی دەكەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو رێكارەكانی چاودێری لە پەرلەمانی كوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماكانی كاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماكانی كاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.

یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم كارا دەكەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرانتی مافەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بكات.

دوازدەیەم: بە هەماهەنگی لەگەل سەرۆكایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەكان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میكانیزمی ڕێكخستن و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەین و هەوڵ دەدەین بە هاوكاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەكی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەكان نزیك بكەینەوە.

سیانزەیەم: كار دەكەین بۆ سەروەركردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە كوردستاندا كەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ كەسێك رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابكات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها كاری جدی دەكەین بۆ كۆنترۆڵكردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەك لە ناو كۆمەڵگەكەماندا.

لە ئاستی خزمەتگوزارییەكاندا:

یەكەم: كاردەكەین بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێكی باشتری تەندروستی بە هاوڵاتیان و هەوڵی جێگیركردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان دەدەین. هەروەها كار دەكەین بۆ پێشكەشكردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێكخستنەوەی ماف و ئەركی پزیشكان بۆ پاراستنیان لە هەر دەستدرێژییەك.

دووەم: كار دەكەین بۆ چارەسەرییەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی كارەبا، لە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهینان و كەمكردنی بەهەدەردان و دابەشكردنێكی پێشكەتوو و گونجاوی كارەبا. هەروەها كار دەكەین بۆ رێكخستنەوەیەكی گونجاوی نرخی كارەبا و دامەزراندنی میكانیزمێكی كاریگەر و سەردەمیانە بۆ كۆكردنەوەی پارەی كارەبا لە بەكاربەران.

سێیەم: كار دەكەین بۆ چاككردن و بەرزكردنی ئاستی خزمەتگووزارییەكانی پەروەردە و فێركردن لە كەرتی گشتی و دانانی رێكاری ڕاكێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەكی بۆ بەشداری لە ئاواكردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها كار دەكەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆكیان بە پێی ستانداردە باوەكان.

چوارەم: كار دەكەین بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەویی هەرێم بۆ بواری خواردنەوەی هاوڵاتیان و بە جۆرێك ئاوی پاك بگەیەنرێتە هەموو هاوڵاتیان و تا بكرێت ئاوی ژێرزەوی بەهەدەر نەدرێت.

پێنجەم: كار دەكەین بۆ باشتركردنی ڕیگەوبانی هەرێمی كوردستان و سیستەمی هاتووچۆی هەرێم وهەوڵدەدەین وەبەرهێنانی بیانی  و كەرتی تایبەت بۆ ئەم بوارە رابكێشین و رێگەوبانی هەرێم كە ساڵانە هۆكاری زیانی گیانی و مالیی هاوڵاتیانمانە لە ستانداردە باوەكان نزیك بكەینەوە.

شەشەم: كار دەكەین بۆ رەخساندنی بواری كار بۆ كەرتی تایبەت و فراوانكردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكانی وەك پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، تاكو بەم هۆیەوە دەرفەتی كار زیاد بكرێن و یاساكانی كار بە جۆرێك رێك بخرێن كە دەرفەتی كار بۆ گەنجانی هەرێم زیاتر بكرێت.

حەوتەم: كاردەكەین بۆ زامنكردن و رێكخستنەوەی سەرجەم مافە یاساییەكانی كارمەند و كرێكارانی كەرتی تایبەت، بە جۆرێك مافی خانەنشینی و كاتژمێرەكانی كار و بیمە یا خود دڵنیایی تەندروستی و داهاتوویان پارێزراو بێت.

هەشتەم: خزمەتی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندامانی سەنگەر و بریندارەكان و قوربانیانی هەڵمەتەكانی جینۆساید و زیندانییە سیاسیەكان، لە كارە بەراهییەكانی حكومەت دەبێت. هەروەها كار دەكەین بۆ پێداجوونەوە بە لیستەكانیان و پاكردنەوەیان لەو ناوانەی بە شێوازی نایاسایی زیادكراون.

نۆیەم: بە مەبەستی دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە، گرنگیی تایبەت بە كاروباری خاوەن پێداوسیتیە تایبەتیەكان دەدەین.

دەیەم: ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە و كار دەكەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە كلتوری ژینگە پارێزی. كار دەكەین بۆ بەكارخستنی سیستەمێكی پیشكەوتووی ریسایكل و چارەسەریی زبڵ و خاشاك وكەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان.

یانزدەیەم: لە سەر شێوازێكی دادپەروانە و هاوسەنگ كار دەكەین بۆ ئاوەدانكردنەوەی شار و قەزا و ناحیەكان و گرنگی تایبەت دەدەین بە هاندانی خەڵكی لادێكان بۆ مانەوەیان لە گوند و دێهاتەكانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆیان.

دوازدەیەم: گرنگی تایبەت دەدەین بە فەراهەمكردنی پانتایی كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی یاسادا و پاڵپشتی بوارە وەرزشی و هونەری و فەرهەنگی و كلتورییەكان دەكەین لە هەرێمی كوردستان.

سێزدەیەم: كاردەكەین لە پێناو گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لە رێگەی پێشخستن و بەرزكرنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم لە ڕووی جۆری، هەروەها فەراهەمكردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی. هەروەها كار دەكەین بۆ رێكخستنەوەی كاری زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان و پێداچوونەوە بە كوالێتی زانستی و نرخەكانیان.

چواردەیەم: بە ئەلەكترۆنی كردنی كاروباری حكومەت(حكومەتی ئەلكترۆنی)، چ لە ئاست كاروباری ناوخۆی حكومەت و چ لە ئاست پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ئەلەكترۆنییەكان بۆ هاوڵاتیان، لە ئەركە لە پێشینەییەكانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕووتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و كاتی هاوڵاتیان و دامەزراوەكان دەگیرێت و كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان بەرز دەكرێتەوە.

پانزدەیەم: گەنجانمان سەرمایەیەكی نیشتیمانیی گەورە و كاریگەری مرۆیین و ئایندەسازی وڵاتەكەمانن. بۆیە لە میانەی كار و بەرنامەی گشت وەزارەتەكان، كار دەكەین بۆ بەكارخستن و ئاراستەكردنی تواناكانیان بەرەو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پێشكەتوو، كە ئایندەیەكی گەشتر بۆ وڵات فەراهەم بكات.

شانزدەیەم: شوێنەوارە مێژووییەكانمان بەشێكن لە سەرمایەی مێژوویی و كلتوری وڵاتەكەمان و پاراستنیان ئەركێكی لە پێشینەمان دەبێت و كاردەكەین بۆ بەهێزتركردنی ئالییەتی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان و هەروەها هەوڵی بەكارخستنی كاراتری ئەم شوێنەوارانە دەدەین بۆ بواری گەشتیاری ، بە پێی ستانداردە باوەكان.

لە سەر ئاستی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ:

یەكەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان لایەنی فەرمیی دانوستان دەبێت لە گەل حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێم وپەرلەمانی كوردستان، دەستەی دانوستان دروست دەكەن، بۆ دانوستان لەگەل بەغدا و بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان.

دووەم: دەستور بنچینەی هەر دانوستانێكی هەولێر لە گەل بەغدا دەبێت و دۆسیەكانی پەیوەست بە مادەی ١٤٠ و پێشمەرگە و بودجە و سامانە سروشتیەكان و قەرەبۆی ئەنفال و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێكەوتوانی دەستی رژێمی بەعس و هەموو مافە دەستورییەكانی هاوڵاتیانی هەرێم لە نزیكترین كاتدا، بابەتی گفتوگۆمان لەگەل حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت.

سێیەم: هەوڵەكانمان بۆ ئاسایی كردنەوەی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گشتی و كەركوك بە تایبەتی، دەست پێ كردووە و جەخت لە پێویستیی خێراكردنی ئەم پرۆسەیە دەكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەرچی زووترە دۆخی سەربازیی سەپێندراو لەم ناوچانە كۆتایی پێ بهێندرێت و بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێش ١٠/٦/٢٠١٤ و ئەو ناوچانە لە لایەن پێكهاتە ڕەسەنەكانی ئەو دەڤەرانە بەڕێوەببردرێت و  بە كردەوە دەست بە جێبەجێ كردنی قۆناغەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بكرێت.

چوارەم: هەڕەشەی تیرۆر، هێشتا هەڕەشەیەكی گەورەی سەر هەموو عێراقە. حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە بەردەوامیی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان و ئامادەیی هاوكاریی تەواوی لە گەل حكومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر هەیە. بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیە بنبڕ بكرێت، حكومەتی هەرێم ئامادەیی هێزی پێشمەرگە بۆ هاوكاریی سوپای عێڕاق لە دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دووپات دەكاتەوە.

پێنجەم: كاردەكەین لە پێناو دەستەبەركردنی مافە دەستووریەكانی هێزی پێشمەرگەی كورستان وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ، بە تایبەت لە بابەتەكانی موچە و دابینكردنی پێداویستیی سەربازییان.

شەشەم: هەوڵ دەدەین هەرچی زووترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی ١١١ و ١١٢ ی دەستوری عێڕاقی فیدراڵ چارەسەر بكەین و یاسای نەوت و گاز لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت. هەر وەها هەوڵ دەدەین دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەكانی فیدراڵی وەك لە مادەی ١٠٦ی دەستوردا هاتووە دابمەزرێت.

حەوتەم: جەخت لە ڕەچاوكردنی پشكی هەرێـمی كوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەكانی عێراق بە گشتی و لە وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگری و نەوت بە تایبەتی دەكەینەوە.

هەشتەم: كاردەكەین بۆ چەسپاندنی هەرچی زیاتری بنەماكانی سیستەمی فیدرالی، بە ڕێگەی دروستكردنی ئەنجوومەنی (ئیتیحاد)ی و هەروەها جەخت لە سەر پرینسیپەكانی (تەوازون و تەوافوق و شەراكەت) لەگەل حكومەتی ئیتیحادی دەكەینەوە.

نۆیەم: جەخت لەسەر دەركردنی یاسای دادگای فیدرالی عێراق دەكەینەوە، بە جۆرێك یاساكە گەرەنتیی سەربەخۆیی دادگای فیدرالی بكات.

ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان:

یەكەم: پێداگری لەو پێكەوە ژیانە ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی ناو هەرێمی كوردستان لە كورد و توركمان و كلدان و ئاشوری و سریانی و ئەرمەنی و عەرەب و موسولمان و ئێزدی و مەسیحی و زەردەشتی دەكەینەوە و ئەو تایبەتەمندییەی هەرێم دەپارێزین و بەهێزتری دەكەین.

دووەم: پێداگری لە سەر چەسپاندن و بەهێزكردنی بنەما دیموكراسییەكان و ئازادیی و یەكسانی و دەستخستنی زانیاری بە پێی یاسا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەكەینەوە و بەرگریكاری مافەكانیان دەبین و دژی هەر دەمارگیری و توندڕۆییەكی تایفی و ئایینی و ڕەگەزی و حیزبی دەوەستینەوە.

سێیەم: دژی هەر جیاكارییەكی ڕەگەزی و بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە. پێویستە ئافرەتان بە توانا و لێهاتووی خۆیانەوە ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە كۆمەڵگادا وەرگرن و بەشدارییەكی كارای ناو كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمدا بكەن. 

چوارەم: هاوڵاتیانی كوردستان ئازادن هەر بیروباوەرێكی سیاسی لە چوارچێوەی ژیانی سیاسیی هەرێمدا هەڵبژێرن و نابێ لە كوردستاندا هیچ كەس لەسەر بیر و باوەری سیاسی و سەرپێبوونی حیزبی سزا بدرێت و پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە مافە زەوتكراوەكانی ئەوكەسانە بگەڕێندرێتەوە كە لەمڕووەوە زیانمەندبوونە.

پەیوەندییەكانی هەرێم لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی:

یەكەم: دامودەزگا فەرمییە پەیوەندیدارەكانی هەرێم، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە سەر بنەمایەكی یاسایی نوێ رێكدەخرێتەوە.

دووەم: جەخت لەسەر پەیوەندییەكی باش لەگەل وڵاتانی دراوسێ دەكەینەوە، بە جۆرێك بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی دوولایەنە، پەرە بە ئاستی پەیوەندییەكان لە گشت بوارەكاندا بدرێت.

سێیەم: پشتگیریی چارەسەریی ئاشتیانەی گشت كێشەكانی ناوچەكە دەكەین و پێگەی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەیەك بەكار دەهێنین، كە بەشێك بین لە ڕەوتی چارەسەری.

چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات نوێنەرایەتیە هەنوكەییەكانی لە دەرەوەی هەرێم بەهێز بكات و نوێنەرایەتی نوێ بە پێی پێویست لە وڵاتان بكاتەوە و زەمینەیەكی لەباریش دەرەخسێنین بۆ ئەوەی وڵاتانی زیاتر كۆنسولگەرییەكانیان لە هەرێم بكەنەوە.

لە ئاستی ئابووری و داراییدا:

یەكەم: كاردەكەین بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم فرە چەشن و فرەرەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین و هەوڵ بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی لەم كەرتانەدا دەدەین.

دووەم: كشتوكاڵ بوارێكی سەرەكیی گرنگیدانمان دەبێت و كار دەكەین بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە بە ئامراز و مەكائنی پێشكەوتوو و فراوانكردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بە پێی بنەما زانستییەكان. كار دەكەین بۆ بەكارهێنانی سەرچاوە ئاوییەكان و دروستكردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەكان گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری كشتوكاڵ و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەریم. جەخت لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیی جوتیارانی هەرێم دەكەینەوە و كار دەكەین بۆ رەخساندنی بازاری گونجاوی ناوەوە و دەرەوە بۆ بەرهەمەكانیان.

سێیەم: كار دەكەین بۆ رێكخستنەوەی سیستەمی بانكی لە هەرێم و بەكارخستنی ئەو سیستەمە بۆ خزمەتگوزارییە كەسی و گشتیەكان و بەكارهێنانی ژمارە بانكیەكان و كارتە ئەلەكترۆنیەكان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەكان و رێژەی مامەڵە بە پارەی كاش كەم بكرێتەوە.

چوارەم: هانی وەبەرهێنان دەدەین لە هەموو بوارەكاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەك دەرەخسێنین. لە سەر ئەو بنەمایانەش كاردەكەین بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا.

لە ئاستی كارگێری:

یەكەم : كار دەكەین بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان كە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان و شۆركردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆكایەتی حكومەت.

دووەم: كاری جدی دەكەین بۆ تەرشیقی هەیكەلیەتی دام و دەزگاكانی حكومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە شێوەیەك كە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاو بێت، ئەمەش بە پێی پلانێكی تۆكمە و ئامادەكردنی نەخشەرێگایەكی زەمەنی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم