لە رێی وشكاییەوە چین و ئەوروپا بە یەكتر گرێ دەدرێن

:: PM:01:05:10/07/2019 ‌

رووسیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستكردنی ئۆتۆبانێك بە درێژایی دوو هەزار كیلۆمەتر كە لە خاكی وڵاتەكەی تێدەپەڕێت و چین  بە ئەوروپا گرێ دەدات.

ئەم ئۆتۆبانە بەشێك دەبێت لە پڕۆژە گەورەكانی چین بۆ پەرەپێدانی هێڵی گواستنەوەی وشكایی و دەریایی ئەو وڵاتە بۆ نزیكبوونەوە لە ئەوروپا و ئەفریقا.

ئەو ئۆتۆبانە نوێیە لە چینەوە دەست پێ دەكات و دواتر دەگاتە كازاخستان و دوای بڕینی ئەم وڵاتە دەگاتە رووسیا و دواجار چین بە ئەوروپا گرێ دەدات.

پڕۆژەی رێی ئەوریشمی نوێ پڕۆژەیەكی زۆر گەورەیە كە لە ساڵی 2013 لە لایەن چینەوە خرایەڕوو و سەرووی 60 وڵات لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن و دەبێتە هۆی خێرا گواستنەوەی جیهانیی و گرێدانی كیشوەرەكان بە یەكتر.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی سوود گەیاندن بەو وڵاتانەی هێشتا وەك پێویست گەشەیان نەكردووە و فاكتەرێكی گرنگ دەبێت لە پەرەپێدانی ئابووری وڵاتان.

چین لە گرنگترین ئەو وڵاتانەیە كە لە چەند دەیەی رابردوودا توانیویەتی زۆرترین كاریگەریی لەسەر بازرگانیی جیهانی دابنێت.



وشە - سلێمان تاشان