سەرجەم رزگاركراوانی دەستی داعش قەرەبوو دەكرێنەوە

:: PM:01:20:10/07/2019 ‌

بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش دەڵێ، حكوومەتی عێراق بڕیاری دابوو كچ و ژنانی ئێزیدی رزگاربووی دەستی داعش ھەریەكەیان بە دوو ملیۆن دینار قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام لەسەر داوای ئێمە بڕیارەكە سەرجەم رزگاربووان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی تەمووز، حوسێن قایدی بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش بۆ "وشە" رای گەیاند، حكوومەتی عێراق بڕیاری دابوو، ھەر كچ و ژنێكی ئێزیدی كە لە دەستی داعش رزگار كراون بە دوو ملیۆن دیناری قەرەبوو بكرێنەوە و ماوەی ھەفتەیەكە پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە كچان و ژنانی ئێزیدی دەستی پێ كردووە و تا ئێستەش بەردەوامە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لەسەر داوای ئێمە حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەو قەرەبووكردنەوەیە سەرجەم رزگاربووان بگرێتەوە بێ جیاوازی، بۆیە دوای تەواوبوونی دابەشكردنی قەرەبووی ژن و كچان دەست بە دابەشكردن دەكرێت بە سەر ئەو كەسانەی كە ماون و لە دەستی داعش رزگار كراون.

بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش دووپاتی دەكاتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لەو بڕیارە سوودمەند دەبن سێ ھەزار و 476 كەسە و سەرجەمیان لە دەستی داعش رزگار كراون.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاھیم



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌