ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی مەرجی هەیە بۆ بەستانی جۆزە 20 ئەمپێریەكە و دەڵێت، ئەم پرۆژەیە مادام لە قازانجی حكوومەتە و بە هۆی ئەم پڕۆژە سووتانی محەویلە زۆر كەم دەكات، كەواتە دەبێت حكوومەت خۆی تێچووەكەی لە داهاتی كارەبای سلێمانی دابین بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی بەستانی جۆزەی 20 ئەمپێری نووسراوێكی حەوت مەرجی ئاراستەی پارێزگای سلێمانی كردووە و تیایدا هاتووە كە پێویستە ئەوان گرێنتی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا وەربگرن كە پشكی ئەو كارەبایەیی دیاری كراوە بۆ پارێزگای سلێمانی یا هەر ناوچەیەكی تر كە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەكات، بە هیچ شێوەیەك یاری پێوە نەكرێت و كەم نەكرێتەوە.
هەروەها مەرجێكی تری ئەنجوومەن پێویستە ئەو كەسانەی زیادەرۆییان(تەجاوز)یان كردووەتە سەر كارەبای نیشتمانی، كارەباكانیان ببڕدرێت و سزا بدرێن، پاشان ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بە سەر سەرجەم هاوبەشەكانی كارەبادا جێبەجێ بكرێت، كە پێمان وایە ئەمە زۆر قورسە و لە واقیعی ئەمڕۆدا جێبەجێ ناكرێ.
یەكێك لە مەرجەكان هاتووە، ئەم پرۆژەیە مادام لە قازانجی حكوومەتە و بە هۆی ئەم پڕۆژە سووتانی محەویلە زۆر كەم دەكات، كەواتە دەبێ حكوومەت خۆی تێچوونەكەی دابین بكات لە داهاتی كارەبای سلێمانی.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، باشتر وایە بە هەموومان كار بكەین بۆ ئەوەی سووتەمەنی (غازی سروشتی) بۆ وێستگەی كارەبای بازیان (٥٠٠) مێگاوات، دابین بكەین، بەمەش كێشەی كارەبای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارای ڕاپەرین جارەسەر دەبێت.
پڕۆژەی بە 20 ئەمپێركردنی كارەبای سلێمانی ماوەی مانگێكە باس دەكرێت، لە دوایین هەڵوێستی وەزارەتی كارەباش لەسەر ئەم بابەتە ڕایان گەیاندووە كە دەیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە ئەگەر لە سوودی هاووڵاتییاندا بێت.