عێراقییەك بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی لە ئەڵمانیا گرتنی هەتا هەتایی بەسەر سەپێنرا

دادگای ئەڵمانیا بڕیاری گرتنی هەتا هەتایی بەسەر پەنابەرێكی عێراقی سەپاند، بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچە هەرزەكارێك و كوشتنی. ئەو رووداوە جارێكی تر لەلایەن حزبە توندڕۆكانی ئەو وڵاتە قۆزرایەوە دژ بە حكوومەتەكەی ئەنجێلا مێركڵ.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی تەمووز، دادگایەكی ئەڵمانی بڕیاری گرتنی هەتا هەتایی بە مەرجی 15 ساڵ مانەوە لە گرتووخانە، بەسەر عەلی بەشار (22 ساڵان) كە پەنابەرێكی عێراقییە لەو وڵاتە، سەپاند.

عەلی، تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر سوزانا فیلدمان (14 ساڵان) و دواتر كوشتنی كچەكە هەرزەكارەكە، بەسەردا ساغ بووەوە، رووداوەكەش لە 23ی ئایاری 2018 لە شاری فیسبادن روویداوە، بەڵام پڕۆسەی دادگاییەكە ئەمڕۆ چوارشەم گەیشتە دوا بڕیار، بەجۆرێك دادگا بڕیارەكەی بەسەر عەلی بەشار گرێداوە بە مانەوەی 15 ساڵ لە گرتووخانە كە لێخۆشبوونی گشتیش نایگرێتەوە.

رووداوەكە لەلایەن حزبە توندڕۆكانی ئەو وڵاتە كە دژی سیاسەتی كرانەوەن بەرووی پەنابەران كە ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بەتایبەت لە ماوەی رابردوودا گرنگی زۆری پێداوە، بەڵام ئەو حزبانە دۆسیەكەیان بە توندی دژ بە راوێژكاری وڵات بەكارهێناوە.

عەلی بەشار، ساڵی 2015 لەگەڵ ماڵباتەكەی كە دایك و باوك و پێنج خوشك و بران، دوای گرتنی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق لەلایەن داعش، هاوشانی ملیۆن پەنابەری تر خۆیان گەیاندە ئەڵمانیا و مافی پەنابەرێتییان پێدراوە.


وشە - فه‌رمان سادق


PM:05:44:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 122 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌