ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە زیادكردنی دەزگاكانی چاودێری و نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق هیچ سوودی نییە، بۆیە داوا لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران دەكەین كە چارەسەری رژد بۆ ئەو بابەتە دابنێت.
عالیە نسەیف، ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، ماوەی 15 ساڵە عێراق بەدەست بڵاوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵییەوە دەناڵێنێت و گەندەڵكاران لە هەموو كایەكانی دەوڵەت بڵاو بوونەتەوە، هاوكات دەزگاكانی چاودێری لە رەوتی كاری خۆیان چوونەتە دەرەوە و لە سایەی بوونی چەندان دەزگای وەك چاودێری دارایی و نووسینگەی پشكنەرانی گشتی، بەڵام رۆژ دوای رۆژ گەندەڵی لە پەرەسەندندایە.
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە رێوشوێنی راستەقینە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە وەربگرێت.
بەپێی زانیارییەكان دەیان دۆسیەی گەورەی گەندەڵ دراونەتە ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كە عادل عەبدولمەهدی سەرپەرشتی دەكات، بەڵام تا ئێستە هیچیان یەكلا نەكراونەتەوە، دوێنێ عادل عەبدولمەهدی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی رای گەیاند كە دەست بە هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی هەردوو بواری مادەی هۆشبەر و قاچاغی نەوت دەكەن.