كەمن ئەو كەسانەی كە بەهۆی كەمئەندامییانەوە دەتوانن داهێنان و گۆڕانكاریی لە شێوازی ژیانیان بكەن، بەڵام گەنجێكی نابیستی پێنجوێن توانیویەتی لە رێگەی دروستكردن و كێشانی وێنەكانییەوە سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی رابكێشێت.
رێكار حەمەرەشید، گەنجە كەمئەندامە بەهرەمەندەكەی پێنجوێن لە رێگەی باوكییەوە بە هێمادەربڕینەوە بە"وشە"ی راگەیاند، لەدایكبووی ساڵی 1995ی شارۆكەی پێنجوێنم و ماوەی چەند ساڵێكە دەستم بە كاری وێنەكێشان كردووە و تا ئێستەش بەردەوامم و ئەم كارەم بووەتە پیشەی سەرەكیم و جگە لەوە هیچ كارێكی تری رۆژانەم نییە و ناكەم.
زیاتر گوتی، زیاتر لە 500 وێنەم كێشاوە و كەس دەستی نەگرتووم و بەهەوڵی خۆم فێربووم لە رێگەی یوتیوبەوە چەند زانیارییەكم وەرگرتووە و هەموو وێنەیەكیش دەكێشم و هی مرۆڤ و سروشت.
حەمەرەشید، ئاماژەی كرد، رۆژانە خەڵك و هاورێكام هەر وێنەیەكیان بوێت لە رێی مۆبایلەوە بۆم دەنێرن و منیش لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بۆیان دروست دەكەمەوە.
رێكار حەمە رەشید، بە شێوەیەكی ئاسایی لەدایك بووە و پاش ماوەیەك كەسوكارەكەی زانیویانە رێكار گوێی نابیسێت و چەندین جاریش براوە بۆ لای پزیشكان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، بەڵام نەتوانراوە چارەسەر بكرێت، هاوكات قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بڕیوە و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی