كەركووك دیدارێكی فیلمی سینەمایی ساز دەكات

:: PM:10:11:10/07/2019 ‌

بە بەشداری دەیان كورتە فیلمی سینەمایی، شاری كەركووك دیدارێكی فیلمی سینەمایی ڕێك دەخات و خەڵاتی باشترین فیلم دەكرێت و چەندین مەرج بۆ بەشداری فیلمەكان دانراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم لە سەنتەری رۆشنبیری كەركووك بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەند و سینەماكار و ڕاگەیاندنكارانی كەركووك، دیداری سینەمایی كەركووك ڕاگەیەندرا و مەرجەكانی بەشداربوونی كورتە فیلمەكان خرایە ڕوو كە بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەر و ڕۆشنبیری كەركووك لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو لە كەركووك ساز بكرێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت. 

هەوار فارس، گوتەبێژی دیدارەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە لیژنەی باڵای دیدارەكە و لیژنەكانی رێكخەر، ئامادەسازییەكانیان دەست پێ كردووە بۆ بەڕێوەچوونی خولی یەكەمی دیدارەكە.
 
لەبارەی مەرجی بەشداربوونی كورتە فیلمەكان گوتی، دەبێت كورتە فیلمەكان بەرهەمی ساڵەكانی ٢٠١٧-٢٠١٨-٢٠١٩ بین و دووربن لە تووندوتیژی ئاینی و تایفی و مروڤایەتی، هەروەها ماوەی كورتە فیلمەكان لە خولەكێك دەست پێ دەكات تا 15 خولەك و لەوە درێژتر وەرناگیرێت، دووپاتی كردەوە كە وەرگرتنی فیلمەكان لەمڕۆوە دەستی پێ كرد و  تا ٣٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

"لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی كورتە فیلمەكانی دیدارەكە، 10 كورتە فیلم هەڵدەبژێردرێت و لە ڕێگەی داتاشۆوە نمایش دەكرێت و پاشان هەڵدەسەنگێندرێت و خەڵاتی باشترین فیلم دەكرێت، لە ناوەڕاستی مانگی ئابیشدا دیدارەكە بەڕێوە دەچێت و كۆمەڵێك چالاكی هونەری وەك گۆرانی و هەڵپەڕكێ و میوزیكی تێدا پێشكەیش دەكرێت"، هەوار وای گوت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌