بەهۆی هەبوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان/پەكەكە لە سەتان گوندی دەڤەرەكەدا، گوندنشینان تەنیا 10%ی دانیشتووانی هەموو پارێزگای دهۆك پێك دێنن و بەرپرسانی پارێزگاكە دووپات لەوە دەكەنەوە رۆژ بە رۆژ رێژەی گوندنشین كەمتر دەبێتەوە.
ئەكرەم بەرواری گوندنشینێكی دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری شارۆكەی ئامێدی، باس لەوە دەكات كە بەهۆی هەبوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان/پەكەكە، ناچار بوون گوندەكەیان چۆڵ بكەن و ئێستەش لە شاری دهۆك دەژین.
ئەو بە "وشە" دەڵێ، "دوای ئەوەی پەكەكە هاتە ناوچەكەمان، بەزۆر گوندنشینانیان لە گوندەكانیان دەركرد، لەبەرئەوە خۆم و دەیان خێزانی تر چووینە شاری دهۆك، بەڵام ئەگەر پەكەكە رێگری لە گوندنشینان نەكات و كێشەمان بۆ دروست نەكەن، بۆ گوندەكانمان دەگەڕێینەوە و دەست بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات دەكەینەوە".
زیاتر دەڵێ، "بەداخەوە حكوومەت هیچ بەرنامەیەكی بۆ ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی تەناهیی ناوچەكە نییە و پەكەكەش ئامادە نییە چۆڵی بكات".
بەرواری ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی پەكەكە و بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە، ئێستە گوندنشینان رێژەی 10%ی دانیشتووانی پارێزگای دهۆك پێك دێنن.
بەپێی زانیاربیەكانی "وشە" لە سنووری پارێزگای دهۆك 102 گوند لە دەڤەری نێروە و رێكان، 50 گوند لە دۆڵی نەهلە لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ، 70 گوند لە دەڤەری بەرواری باڵا و 150 گوند لە سنووری شارۆكەی زاخۆ لەژێر دەستی پەكەكەدان، ئەوە جگە لەوەی پەكەكە چووەتە ناو هەندێك ناوچەی تازە رزگاركراوی سنووری پارێزگای دهۆك و مووسڵ.
فەهیم عەبدوڵا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، "ئامارێكی تایبەت لەبارەی رێژەی پەكەكە لە پارێزگای دهۆك لە بەردەستدا نییە، بەڵام پەكەكە بووەتە بەڵایەكی زۆر گەورە بۆ پارێزگای دهۆك، نزیكەی 20%ی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر دەستی پەكەكەیە كە خۆی لە ناوچەكانی بەرواری باڵا، نێروە و رێكان، دوڵی نەهلە، دەڤەری بارزان و چەند ناوچەیەكی تری پارێزگای دهۆك دەبینێتەوە".
فەهیم زیاتر دەڵێ، "پەكەكە بووەتە هۆكاری سەرەكی لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە و حكوومەت ناتوانێ هیچ پڕۆژەیەك لەو ناوچانە جێبەجێ بكاتـ، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتییانیش ناتوانن بچنەوە بۆ گوندەكانیان و كشتوكاڵ و مەڕ و ماڵات بەخێو بكەن، تەنانەت چوونی هاووڵاتییان بۆ ئەو ناوچەیە زۆر جار بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان".
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، كۆمەڵێك گەنجی سنووری شارۆكەی ئامێدی بە مەبەستی گەشتوگوزار چوونەتەوە گوندەكەیان، بەڵام یەكێك لەو گەنجانە لەلایەن پەكەكەوە كوژرا و دوانی تر گیران، وێڕای ئەوەی بەهۆی پەكەكەوە ساڵی رابردوو چەندان جار فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەكەیان بۆردمان كردووە و زیانێكی زۆری مادی بەر دەڤەرەكە كەوتووە.
موسەدەق توڤی سەرنووسەر و سەرپەرشتی گشتیی پڕۆژەی ئینسكلوپیدیای پارێزگای دهۆك بۆ "وشە"ی روون كردەوە، بەهۆی چۆڵكردنی گوندەكان لەلایەن پەكەكەوە، قەبارەی دانیشتووانی شاری دهۆك بەرێژەیەكی زۆر بەرفرەوان هەڵكشاوە.
زیاتر دەڵێ، "پەكەكە كاولكارییەكی زۆری لە گوندەكان ئەنجام داوە، جگە لە چەوساندنەوەیەكی زۆری دانیشتووانی ئەو گوندانەی لەژێر دەستیاندان و بەو هۆیەوە ناتوانن بەپێی پێویست سوود لە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات وەربگرن".
زۆرترین رێژەی هەبوونی پەكەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك، دەكەوێتە سنووری شارۆكەی ئامێدی بە شێوەیەك كە 90%ی گوندنشینانی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستەڵاتی پەكەكەدان، بەتایبەتی ناوچەی نێروە و رێكان و بەشێكی زۆر لە دەڤەری بەرواری باڵا.
هەژار ئیدلیبی سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە شارۆكەی سۆران بۆ "وشە"ی روونكردەوە، لە سنووری شارۆكەی مێرگەسۆر 160 گوند و لە سنووری شارەدێی وەرتێ 17 گوند و لە سنووری سیدەكانیش 67 گوندی تر لە ژێر دەستی پەكەكەدان.
ئەو دەڵێ، "بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 گوند زیانیان بەركەوتووە، زیانەكان سووتانی رەز و باخ و دارستانەكان تا لەناوچوونی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات دەگرێتەوە".
یەكێك لەو كێشانەی جووتیاران و گوندنشینانی دەڤەرەكە رووبەڕووی دەبنەوە، ئەو باجەیە كە پەكەكە لەسەر بەرهەمەكانیانی دادەنێت.
ئیدلیبی ئاماژەیدا، "پەكەكە باج لە گوندنشینان وەردەگرێت و تەنانەت ئەو هەنگەوانانەی كە لە وەرزی بەهار و هاویندا روو لە كوێستانەكان دەكەن لە بەرامبەر هەر هەنگێكدا دەبێت پێنج هەزار دینار بە پەكەكە بدەن".
بەپێی جاتاكانی رێكخراوی وار 650 گوند لە سنووری هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك لەژێر دەستی پەكەكەدان.
وشە/ ئامێدی- نەوزاد هلۆری: