عەرەبە ئاوارەكانی نیشتەجێی گەرمیان ناوی كوردی لە منداڵەكانیان دەنێن، ژمارەیەكی زۆر لەوان گەڕەك و گوندەكانی سنوورەكەدا گیرساونەتەوە و تێكەڵ بە ژیانی ئاسایی خەڵكی كوردستان بوون، ئەوەش وا دەكات ئاشنایەتی تەواو لەگەڵ كولتووری كوردی پەیدا بكەن، هەندێك لەوان ناوی منداڵەكانیان لە عەرەبییەوە بۆ كوردی دەگۆڕن.
بێستوون ژاڵەیی بەرپرسی كاروباری مرۆیی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لە سنووری گەرمیان 50 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق نیشتەجێن و لەو ژمارەیەشدا تەنیا دوو هەزار ئاوارە لە كەمپەكاندان و ئەوانی تر لە گەڕەكەكانی شارۆكەی كەلار گیرساونەتەوە.
ژاڵەیی دەڵێ، "زۆربەی ئاوارەكانی گەرمیان سوننەن و لە ترسی میلیشیا شیعەكان نایانەوێت بۆ ناوچەكانی خۆیان بگەڕێنەوە"، ئەوە لەكاتێكدا كە زۆرینەی ناوچەكانیان لە داعش پاك كراونەتەوە.
هێمن محەمەد لە كتێبخانەی شارۆكەی كەلار كە چاودێری ئاگانامەكانی دادگەكانی سنوورەكە دەكات بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات، بەپێی ئەو ئاگەدارییانەی دادگاكان لە رۆژنامەكاندا بڵاوی دەكەنەوە، ناوگۆڕین لە عەرەبییەوە بۆ كوردی برەوی هەیە.
ئەو دەڵێ، "بەشێك لەوانەی ناویان لە عەرەبییەوە بۆ كوردی دەگۆڕن، عەرەبن و بەشێكیش كوردن و تازە بۆ ناوچەكانی كوردستان گەڕاونەتەوە".
هاوكات شیرین مەحموود چالاكی بواری منداڵان بە "وشە" دەڵێ، "لە چاودێركردنی رەوشی منداڵان لە كەمپی ئاوارەكاندا دەركەوتووە كە بەشێك لە خێزانەكانیان ناوی كوردی لە منداڵەكانیان دەنێن".
لە ماوەی ساڵی رابردوودا ناوی نزیكەی شەش هەزار منداڵ لە مەڵبەندی تەندروستیی شێروانە لە كەلار تۆمار كراون كە زۆرینەی رەهایان ناوی كوردین و بەشێكی زۆر لەوان منداڵی عەرەبە ئاوارەكانن.
زیاد نووری كە ئاوارەیەكی سنووری شارۆكەی شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالەیە، ئەو بە "وشە" دەڵێ، "زۆرێك لە خزمەكانمان ناوی كوردییان لە منداڵەكانیان ناوە، خێزانەكانیان چ ناوێك بە باش بزانن لە منداڵەكانیان دەنێن".
نووری روونی دەكاتەوە، پاش رووخانی رژێمی بەعس لە 2003دا، ناوی سەدام مەترسی لەسەر ژیانی ئەو كەسانە دروست دەكرد كە بەو ناوەوە ناو نرابوون، بەڵام دوای هەڵگیرسانی شەڕی مەزەوی، چیتر چەندان ناوی تر وەك عومەر و عەلی بوونە مەترسی بۆ سەر ژیان و سەلامەتیی كەسەكان.
پارێزەر كاروان مستەفا بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات، ناوگۆڕین مافێكی سروشتی و ئاسایی هاووڵاتییانە، خەڵك ئازادن لەوەی چ ناوێك هەڵدەبژێرن و هەر كەسێكی پێگەیشتووش دەتوانێت ناوی خۆی بگۆڕێت لە رێگەی دادگاوە.
تێكەڵبوونی عەرەبە ئاوارەكان بە ژیانی ئاسایی دانیشتووانی ناوچەكە، وا دەكات زیاتر نزیكایەتی دروست ببێت و كاریگەرییەكەش لە فێربوونی زمانی كوردی و ناونانی منداڵان بەناوی كوردییەوە دەركەوتووە.
عادل عەلی بەرپرسی نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی گەرمیان بۆ "وشە" دەڵێ، "بەشێكی بەرچاو لە ئاوارەكانی سنووری دیالە بەهۆی ناكۆكی مەزەوی و خێڵەكی بۆ ناوچەكانی خۆیان ناگەڕێنەوە"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ مانەوەی ئاوارەكان لە ناوچەكەدا.
بەشێكی تایبەت بەخوێندنی ئاوارەكان بە زمانی عەرەبی لە پەروەردەی گەرمیان بوونی هەیە، وەك شێروان محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی كەلار بە "وشە"ی دەڵێ، "ئەو بەشە سەر بە پەروەردەی عێراقە و تایبەت بۆ خوێندنی ئاوارە عەرەبەكان كراوەتەوە".
مامۆستا كاوە مەحموود یەكێك لە مامۆستاكانی كەلار بۆ "وشە"ی ئاماژە كرد، "منداڵە ئاوارەكان لە خوێندنی خۆیان بەردەوامن و بەهۆی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ منداڵانی كورد فێری زمانی كوردی بوون. ئێستە نەوەیەكی عەرەبی كوردیزان لە پێگەیشتندان".
وشە/ گەرمیان- سەبری هۆرێنی