هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رساز "ئاسۆس جاف" یه‌كه‌مین كچه كورده له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كاری په‌یكه‌رسازی له‌سه‌ر شه‌قام كردووه و نمایشی كردوون. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كی بۆ "وشه" ئاشكرای ده‌كات كه خاوه‌نی زیاتر له 45 كاری هونه‌رییه و به‌شداری زیاتر له 25 پێشانگه‌ی هونه‌ریی په‌یكه‌رسازی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كردووه.
ئاسۆس جاف كێیه؟
ئاسۆس جاف خه‌ڵكی سلێمانیم و له ساڵی 1989 هه‌ر له‌و شاره له دایك بووم، ساڵی 2015 به‌شی په‌یكه‌رسازی كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانیم ته‌واو كردووه، تا ئێسته خاوه‌نی حه‌وت پڕۆژه‌ی سه‌ر شه‌قامم و 18 خه‌ڵاتی ڕێزلێنانم پێ به‌خشراوه.
یه‌كه‌م كاری پهیكهرسازیت كه‌ی ده‌ست پێ كرد و تا ئێسته خاوه‌نی چه‌ند كاری هونه‌ریت؟
یه‌كه‌مین كاری هونه‌ری پهیكهرتاشیم له ساڵی 2007 بوو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند زیره‌ك میره له سه‌نته‌ری چالاكی گه‌نجانه‌وه، ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌م كچم له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كاری په‌یكه‌رسازیم له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كردووه كه دوور بووه له‌وه‌ی كاری گرووپ بێـت. هه‌روه‌ها خاوه‌نی زیاتر له 45 كاری هونه‌ریم و به‌شداری زیاتر له 25 پێشانگه‌ی هونه‌ری په‌یكه‌رسازیم له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كردووه وه‌ك توركیا، ئێران و فڕه‌نسا، له‌ناوخۆی وڵاتیش له به‌غدا و زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریم كردووه.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ئه‌نجامت داون بۆ كێ بوون؟
مۆنێومێنتی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد "شه‌ماڵ سائیب" له ساڵی 2017 یه‌كه‌مین كاری سه‌ر شه‌قامم بوو، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ی سێ گۆشه‌ی سێكوچكه‌ی بابان هه‌ر له ساڵی 2017 له به‌رده‌م كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی ئه‌نجامم دا، سێیه‌م پڕۆژه‌ی سه‌ر شه‌قام بۆ شاعیری گه‌ل "به‌نگینه" له ساڵی 2017 له به‌رده‌م ته‌لاری ئه‌سحابه سپی ئه‌نجامم دا، چواره‌مین پڕۆژه‌م بۆ مامۆستای گه‌وره "ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار" دانه‌ری ئهلف و بێی كوردی ساڵی 2017 له به‌رده‌م چالاكی و هونه‌ری و قوتابخانه‌كان به‌ڕێوه‌م برد، جگه له‌مانه له ساڵی 2018 پڕۆژه‌ی "چێوار"م له چه‌مچه‌ماڵ كرده‌وه، هاوكات ژه‌نینی پێڵاو ساڵی 2018 له به‌رده‌م ته‌لاری ڕه‌شماڵ له سه‌رای سلێمانی، پڕۆژه‌ی مامۆستای گه‌وره "هۆمه‌ر دزه‌یی" ساڵی 2019 له پاركی هه‌واری شار، دوایه‌مین كاریشم ئێسته پڕۆژه‌ی دایكی نه‌وه‌ی ئه‌نفاله كه بڕیاره له شاره‌دێی ڕزگاری له كه‌لار به‌منزیكانه دابنرێت.
كاره‌كانت گوزارشت له چی ده‌كه‌ن زیاتر بۆ چ مه‌به‌ست و ئامانجێكه؟
كاره‌كانم گوزارشت له نیشتمان و ئه‌نفال و شنگال و ژنان و پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤانان و منداڵ و دایك و زۆری تر ده‌كه‌ن، ئامانجی سه‌ره‌كیشمان وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی گه‌نجان و نه‌وه‌ی نوێیه بۆ له‌ناو نه‌چوونی ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تی و كاره‌ساته گه‌ورانه‌ی كه به‌سه‌ر كوردا هاتووه.
هه‌ر یه‌كێك له ئێمه كه كاری هونه‌ری ده‌كه‌ین، جا له هه‌ر بوارێك بێت، بێگومان ئامانجمان به‌دیهێنانی كارێكه كه ده‌ستی پێ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت خۆم له كاری په‌یكه‌رسازیدا كار ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به بیری گه‌نجانمان بهێنمه‌وه كه كارم بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه كردووه یان گرنگیم به دایك یان ئه‌نفال یان شه‌ڕڤانان و.. هتد داوه، به‌تایبه‌ت هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و ناخۆشی و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر كورد هاتووه، بۆ ئه‌وه‌ی ون نه‌بێت و نه‌وه‌ی ئێسته و داهاتوو زانیاری‌یان له‌سه‌ریان هه‌بێت.
تا ئێسته وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگی جیهانی له بواری په‌یكه‌رسازیدا ده‌ستت بۆ دروستكردنی هه‌ستیارترین شوێنی جه‌سته‌ی ژنان و پیاوان بردووه؟
ئێسته بیرم له كار و پڕۆژه‌یه‌كی به‌م شێوه‌یه هه‌ستیار نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام كاتێك كه بیرم لێ كرده‌وه و بڕیارم له‌سه‌ر دا كه كارێكی له‌م شێوه‌یه بكه‌م، ئه‌و كاته بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌م ئایا ئه‌و كاره دروسته بیكه‌م یان نا، یان چ بڕیارێكی تری له‌باره‌وه ده‌ده‌م.
جگه له هونه‌ری په‌یكه‌رسازی ڕۆژانه به چ كارێكی تره‌وه سه‌رقاڵیت؟
وه‌ك هه‌ر تاكێك یان خێزانێكی تری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ژیانی ڕۆژانه‌ی ئاسایی خۆم به‌ڕێ ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و خێزان و چوارده‌ورمدا، به‌ده‌ر له‌وه‌ش هیچ كارێكی ترم نییه.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال