جانتا دزەكانی هەولێر گیران

:: AM:10:46:11/07/2019 ‌
پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، دوای ئەوەی پۆلیس ئاگەدار كرانەوە بەبوونی ڕووداوی دزیكردن لە عەنكاوە، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشكرا بكات و بیانگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تەمووز، باساك فەرەج رەحیم بەرپرسی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی عەنكاوە بۆ پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كردووە، ئاگەدار كراینەوە بەبوونی ڕووداوێك كە جانتای ژنان دەڕفێنرا و كەلوپەلی ناو جانتاكەیان دەدزی، ئێمەش دوای كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەیەكی ورد توانیمان ناسنامەی تۆمەتباران ئاشكرا بكەین و بیانگرین.

ڕوونی كردووەتەوە، تۆمەتباران بە ناوی (م.هـ.م) تەمەن 16 ساڵ، (ح.ر.د.) تەمەن 24 ساڵ، دوای گرتنیان ددانیان بەتاوانەكەیان نا كە هەڵسابوون بە ڕفاندنی جانتای ژنان و دزینی كەلوپەلی ناو جانتاكان كە بریتی بوون لە بڕێكی زۆر پارە و چوار مۆبایل و شەش تاك بازن لە عەنكاوە.

باس لەوەش كراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا و دادوەر بڕیاری دا بە بەندكردنی هەردوو تۆمەتبار بە پێی مادە (446) لە یاسای سزادانی عێراقی.

گرتنی ئەو تۆمەتبارانە لە كاتێكدایە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو چەندان هاووڵاتی ئاشكرایان كرد لەلایەن كەسانی نەناسراو جانتان لێ‌ دزراوە.



وشە - رامیار جەواد