پارێزگاری نوێی كەركووک دەستنیشان کرا

:: PM:12:42:11/07/2019 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركووكیان راگەیاند و لەڕێگەی لیژنەیەكەوە هەڵبژێردراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تەمووز، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەیب جەباریان وەك پارێزگاری كەركووك دیاری كرد.

حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا ڕای گەیاند، زۆرمان بەیەكەوە قوربانی بۆ كوردستان داوە بۆیە پێویستە بەیەكەوە كار بكەین بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێـی گوتی، ئەو قوربانییەی لە ڕابردوو داومانە دەبێت ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی خزمەتی هاووڵاتییان بكەین.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا گوتی، كەركووك بارێكی نائاسایی هەبوو بۆیە پێویستە گۆرانكاری بەسەردا بێت و بوونی هەموومان هەبێت لەو شارە.

زیاتر روونی کردەوە، ئەو "سی ڤی"یانەی هاتووە بۆ پارێزگاری كەركووك گەیشتوون، بۆیە لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ دیاریكردنی شایستەترینیان، بۆ ئەو مەبەستە لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تەیب جەبار ئەمینیان وەک پارێزگاری ئەو شارە دەستنیشان کردووە.

تەیب جەبار، لە 1954 لە گوندی تەپەلوی سەر بە شارۆكەی قەرەحەسەن لەدایكبووە و بریكاری پێشووتری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بووە لە ئیدارەی سلێمانی لە ساڵی 200 بۆ 2004.




وشە - رامیار جەواد