فەرماندەیەكی سەربازی عێراقی ئاشكرای كرد، هێزەكانی عێراق توانیویانە بەشی هەرەزۆری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێ كە دوێنێ چوارشەمیش توانییان كۆتا بە تیرۆریستان لە چوار گەڕەكی تری مووسڵ بهێنن.
ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس" لە زاری لیوا حەیدەر فازڵ یەكێك لە فەرماندەكانی هێزی دژە تیرۆری عێراق گواستییەوە و ناوبراو ئاماژەی داوە، 85%ی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ لە ئەنجامی هەڵمەتە سەربازییەكان لە تیرۆریستان پاك كراونەتەوە.
كەناڵی "
جەزیرە" لە زاری فەریقی یەكەمی روكن تالیب شەغاتی لە دژەتیرۆری عێراق ئاشكرای كرد، كە كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی مووسڵ پێویستی بە سێ مانگی تر دەبێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوو هێزەكانی عێراق لە سێ میحوەری ڕۆژهەڵاتی مووسڵەوە دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیویانە لە بگەنە نزیك كەناراوەكانی دیجلە لە ناوچەی پردی چوارەمی مووسڵ، هەروەها گەڕەكەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەكە و ڕۆژهەلات و باكوری ڕۆژهەڵاتییان بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە، چەند گەڕەكێكی كەناری دیجلە ماون.
شاری مووسڵ ڕووباری دیجلە بە نێویدا تێپەڕ دەبێ و بەو هۆیەوە شارەكە بووە بە دوو لەتەوە، بەری چەپ و ڕاست یان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای پێ دەگوترێ، بەری ڕۆژهەڵاتی كە ماوەیەكە هێزەكانی عێراق چوونەتە ناویەوە تا ئێستە 50 گەڕەكیان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و ژمارەیەك گەڕەكی تریش ماون و تا ئێستە نەتوانراوە ئەو بەشەی شاری مووسڵ بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و ڕووبەڕی تەواوی پارێزگای نەینەوا 25 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێ، ژمارەی دانیشتووانی بەر لە هاتنی تیرۆریستان نزیكەی دوو ملیۆن كەس بووە و یەكێكە لە شارە مێژوویییەكانی سەر گۆی زەوی، رۆژی 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای هەڵاتنی نزیكەی 60 هەزار سەرباز و پۆلیسی عێراق كە لە نێو شارەكە ئەركیان دەبینی، شارەكە بە تەواوی كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش.
ڕۆژی 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016 هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاوی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵیان گرتەبەر و لە سەرجەم میحوەرەكانەوە پێشمەرگە دەستی بە پێشڕەوی كرد و هێڵی پێشەوە و بەرگری تیرۆریستانی لە تەواوی میحوەرەكان تێكشكاند و دواتریش هێزەكانی عێراق دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ سەنتەری شارەكە.