بەشیر حەداد: میوانداری وەزیرانی دارایی و نەوت پێشێلكاری دەستووری بوو

:: PM:03:17:11/07/2019 ‌
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە وەزیرانی دارایی و نەوت كرد. جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، میواندارییەكە پێشێلكردنی دەستوور بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای تەواوبوونی دانیشتنی پەرلەمان رای گەیاند، میوانداری وەزیرانی دارایی و نەوت پێشێلكاری بوو بەرانبەر بە دەستووری عێراق.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و سامر غەزبان وەزیری نەوت لەلایەن پەرلەمانی عێراق پێوەند بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كورستان میوانداری كران.

پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە لە بودجەی 2019ی عێراق لە پشكی هەرێمی كوردستان جیا كراوەتەوە، لەلایەن بەشێك لە لیستەكانی پەرلەمان بە بەردەوام مشتومڕی لەسەر هەیە بەوەی هەرێمی كوردستان تا ئێستە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا نەكردووە كە لە بودجەدا بەرانبەر بە پشكی كوردستان دانراوە، ئەو پرسەش بە تەواوەتی تێكەڵ بە مووچەی فەرمانبەران كراوە.

ئەگەرچی لە چەندان كەناڵی بڕیار بەدەستی حكوومەتی عێراق، دڵنیایی لە بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكرێت، بەڵام رۆژ دوای رۆژ گوشارەكان لەسەر حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی زیاتر دەبێت و لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیشدا لەسەر ئەو پرسە وەزیرانی نەوت و دارایی بانگهێشتی پەرلەمان كران.

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان، دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایان گەیاند، ئێمە رازی نەبووین لەسەر میوانداركردنی وەزیرانی نەوت و دارایی، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان پێداگیری كردووە و ئەمەش پێشێلكردنی دەستوورە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان روونی كردەوە، بەگوێرەی مادەی 61ی دەستووری، پرسی بانگهێشتی وەزیر لەلایەن پەرلەمان روون كراوەتەوە، بەڵام پەرلەمان ئەوەی نەكردووە و بانگهێشتی كردوون، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە.
 
جێی باسە لە كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەماندا، حەلبووسی بانگهێشتی وەزیرانی نەوت و دارایی و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانی كردبوو، بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای بودجە پێوەند بە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت.

پێوەند بەو پرسە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران پێشتر روونی كردەوە كە حكوومەتی عێراق جگە لە مووچە هیچ بڕە پارەیەكی لە پشكی كوردستان رەوان نەكردووە، بەمەش حكوومەتی عێراق پابەندی یاسای بودجە بووە.


وشە - فه‌رمان سادق