فڕۆكەی F-35ی ئەمەریكی پێوەندییەكانی هەردوو كۆریا گرژ دەكات

:: PM:03:21:11/07/2019 ‌
كۆریای باكور، نیگەرانە لە كڕینی فڕۆكەی F-35ی ئەمەریكی لەلایەن كۆریای باشوور، رای دەگەیەنێ چەكەكانمان پێش دەخەین بۆ تێكشكاندنی فڕۆكەی F-35.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، بە فەرمی كۆریای باكور نیگەرانی خۆی لە كڕینی فڕۆكەی F-35ی ئەمەریكی لەلایەن كۆریای باشوور خستەڕوو، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بەڵێنی پێشخستنی چەكەكانیان دەدەن بۆ تێكشكاندنی فڕۆكەی F-35.

لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی ناوەندی میدیایی كۆریای باكور رای گەیاند، بەڕێوەبەری توێژینەوەی سیاسی لە پەیمانگەی دیراساتی ئەمەریكی سەر بە وەزارەتی كاروباری دەرەوەی كۆریای باكور، گوتی "دەسەڵاتدارانی كۆریای باشوور كارێكی قێزەونیان كردووە دەرهەق بە گفتوگۆی هەردوو وڵات لە بارەی ئاشتەوایی و هاوئاهەنگی نێوان باكور و باشوور، ئەوان هێشتا سەرقاڵی كڕینی چەكی زیاتری ئەمەریكین".

بەیاننامەكەی حكوومەتی كۆریای باكور ناوی هیچ كەسێكی بەسەرەوە نەبووە، ئەوە خراوەتەڕوو، F-35ی ئەمەریكی مەترسییە بۆ كردنە ئامانجی سەروەری سەربازی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش دەرگای شەڕ بە رووی كۆریای باكور دەكاتەوە و دۆخ و پێوەندییەكان دەگەیەنێتە راگەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی.

زیاتر گوتی "كۆریای باكور هیچ بژاردەیەكی تری نییە جگە لە پێشخستنی چەكەكانی بۆ تێكشكاندنی فڕۆكەی F-35ی ئەمەریكی".

 بەیاننامەكەی كۆریای باكور لە كاتێكدایە كۆریای باشوور لە مانگی ئاداری رابردوو گەیشتنی دوو فڕۆكەی F-35ی ئەمەریكی راگەیاند، ئەوەشی خستەڕوو بەگوێرەی رێككەوتنی لەگەڵ ئەمەریكا تا ساڵی 2021 ئەوا 40 فڕۆكەی F-35ی دەكڕێت.


وشە - فه‌رمان سادق