بەمشێوەیە چارەسەری زبری ددان بكە

:: PM:03:26:11/07/2019 ‌

زبربوونی ددان كاتێك هەستی پێ دەكرێت كە سەری زمان بە هێواشی بۆ رووی ددان بەكار بهێنرێت چەند بەشێك یان هەموو رووی ددان زبر دەردەكەوێت، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێكی جیاواز دەگەڕێتەوە. زۆركات دەتوانرێت بەئاسانی خۆت رزگار بكەیت لە زبری ددان ئەویش لە رێی لابردنی ئەو چینەی سەر رووی ددان دەگرێت. یان لە حاڵەتی تردا ددانەكان بەشێوەیەكی پزیشكی پاك دەكرێنەوە ئەو چینە زبرەی لەسەر رووی ددانە بە ئامێری تایبەت لێ دەكرێتەوە. زبربوونی ددان نەك تەنیا شێوەی ددان ناشیرین دەكات بەڵكو متمانە بەخۆبوون كەم دەكاتەوە
.
ئەمانەش هەندێكن لەو رێیانەی كە چارەسەری زبری ددان دەكەن پێویستە بەكار بهێنرێت:
یەكەم: بەكارهێنانی فڵچە، زۆر پێویستە ئەو فڵچەیەی كەبۆ شووشتنی ددانت بەكاری دەهێنیت گونجاو بێت، زۆر كەس بۆ رزگاربوون لە زبری ددان سۆدە بەكار دەهێنن وەك پاككەرەوەیەك، بەڵام بەكارهێنانی سۆدە تیژە و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە پووكی ددان. بۆیە باشتر وایە بەشێوەیەكی ئاسایی لەرێی فڵچە و هەویری ددانەوە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ خولەك ددانەكانت بشۆیت هەتا هەست بە پاكبوونەوەی ددانەكانت دەكەیت.

دووەم: پێكهاتەی دروست بەكار بهێنە بۆ شووشتنی ناو دەم، بیرۆكەیەكی باشە كە دوای بەكارهێنانی ئەو پێكهاتەیەی كەبۆ شووشتنی ناو دەم بەكار دەهێنرێت ئاو بۆ سڕینەوە بەكار بهێنرێت . ئەم پێكهاتەیە دەتوانرێت لە بری فڵچە و هەویری ددان بۆ شووشتنی دەم بەكار بهێنرێت و زبری ددان كەم دەكاتەوە و رێ لە گەشەی بەكتریا دەگرێت لە دەمدا و پاشماوەی خۆراك لە نێوان ددانەكان لادەبات و بەمەش رێگە لە بۆنی ناخۆشی دەم دەگرێت.

سێیەم: دەزووی ددان بەكار بهێنە، بەشێوەیەكی ئاسایی پزیشكەكان ئاماژەیان بەوە كردووە ئەگەر نێوان ددانەكان بەشێوەیەكی ئاسایی لە رێگەی فڵچەوە پاك نەبوونەوە تەنۆڵچكەی خۆراكی تێدابوو، ئەوە باشتر وایە دەزووی تایبەت بە ددان پاككردنەوە بەكار بهێنرێت.بەڵام باشتر وایە بە شێوەیەك بەكار بهێنرێت كە نەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە پووكی ددان.

چوارەم: خۆراكی تەندروست بخۆ، خۆراكی تەندروست وەك زۆر خواردنی میوە و سەوزە كە باشە بۆ تەندروستی لەش بە گشتی. خواردنی چا لەگەڵ نان یان هەر خۆراكێكی تر دەبێتە هۆی زبربوونی ددانەكان. بەڵام خواردنی میوە و سەوزە بەهۆی بوونی بڕێكی زۆر ریشاڵەوە یارمەتی پاككردنەوەی ددانەكان دەدات بڕێكی زۆر ئاوی تێدایە و یارمەتی پاككردنەوەی ددانەكان دەدات.

پێنجەم: شێداری لەش، وشكبوونەوەی قوڕگ و لەش دەبێتە هۆی زبربوونی ددانەكان. چونكە زۆر ئاو خواردنەوە یارمەتی لابردنی تەنۆڵچكەكانی خۆراك دەدات و ددانەكان پاك دەكاتەوە وە بەكتریا لەناو دەبات. زۆر خواردنەوە گازییەكان بڕێكی زۆر شەكریان تێدایە كە بەكتریا زیاد دەكەن و دەبنە هۆی زبربوونی ددانەكان و چەندان زیانی تر بە ددانەكان دەگەیەنێت.



وشە - ئاوات ئازاد