وێستگەی ناوكیی چێرنۆبیل كە 33 ساڵ لەمەوبەر گەورەترین كارەساتی ناوكیی لێ كەوتەوە و بە هەزاران كەسی كردە قوربانی، دەكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و ئامانج ئەوەیە لە هەموو دنیاوە خەڵك سەردانی وێستگەكە بكەن.
حكوومەتی ئۆكراین ئاشكرای كرد، دەوروبەری وێستگەی ناوكیی چێرنۆبیل دەكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاری . بەگوێرەی پلانێكی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆمەڵێك خزمەتگوزاری دابین دەكرێت تا خەڵك بتوانن لە نزیكەوە ئەو وێستگەیە بەسەر بكەنەوە. بەگوتەی سەرۆك كۆماری ئۆكراین یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئۆكراین چێرنۆبیلە و بۆیەش دەیانەوێت ئەم خالە بۆ خاڵێكی ئەرێنی بگۆڕن.
پێویستە بگوترێت لە ساڵی 1986 وێستگەی ناوكیی چێرنۆبیل تەقییەوە و دووكەڵ و مادەی مەترسیداری رادیۆ ئەكتیڤی بەسەر تەواوی ئەوروپادا بڵاو كردەوە.
بەگوێرەی "
بی بی سی" رێژەی ئۆرانیۆم لەو ناوچەیە دوای تێپەڕینی 33 ساڵ لە رووداوەكە هێشتا بەرزە و لە هەندێك شوێندا ئاستی مادەی رادیۆ ئەكتیڤ ئەوەند زۆرە كە مەترسیدارە بۆ سەر گیانی مرۆڤ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی چێرنۆبیل دەكەن. هێشتا لەو وڵاتە رێژەیەك لە منداڵان بە كەمئەندامی لەدایك دەبن یان جەستەیان شێواوە كە بۆ كاریگەرییەكانی تەقینەوەكە دەگەڕێتەوە.
هێشتا بە وردی دیار نییە چ ژمارەیەك لە خەڵك بە هۆی چێرنۆبیل گیانیان لە دەست داوە. رووداوەكە لە سەردەمی یەكێتی سۆڤیەتدا بوو و هەر لە كاتی تەقینەوەكە 31 كەس كوژران و دواتر بە هەزاران كەسی تووشی شێرپەنجە كرد.
ماوەی رابردوو فیلمێك لەسەر ئەم رووداوە بڵاو كرایەوە كە بووە بەهێزترین درامای مێژوویی. فیلمەكە بە وردی باسی لە هۆكارەكانی رووداوەكە و كاریگەرییەكانی كردووە و لەوەی كۆڵیوەتەوە كە حكوومەتێكی ستەمكار چۆن ئامادەیە خەڵكی خۆی لە پێناو ئایدۆلۆجییەكانیدا بكاتە قوربانی. ئەوكات یەكێتی سۆڤیەت رووداوەكەی لە خەڵكی دنیا شاردەوە، بەڵام كارەساتەكە ئەوەندە گەورە بوو نەتوانرا بشاردرێتەوە.