چەندان بەهرە لە گەنجێكی خاوەن پێداویستی تایبەت كۆبووەتەوە

:: PM:03:55:11/07/2019 ‌
لهۆن فەریح گەنجێكی هەڵەبجەییە و تەمەنی 36 ساڵە، هەرچەندە لهۆن خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام بەهرەیەكی زۆری تێدا كۆبووەتەوە و بەهرەكانیشی بە دەوروبەری دەبەخشێنێتەوە.

ئەو گەنجە خاوەن پێداویستی تایبەتە زمانەكانی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە بەرنامەكانی كۆمپیتەردا هەیە و وێنەكێشێكی ناوازەیە و فەرمانبەرێكی سەركەوتووشە.

لهۆن سەرەتا لە ژوورێكی بچووكی ماڵەكەیدا منداڵانی ناوچەكەی فێری وێنەكێشان و كۆمپیوتەر و زمانەكان دەكرد، بەڵام هەوڵیدا لە ڕێگەی خولێكەوە كەسانی زیاتر فێربكات، بۆیە خولێكی تایبەتی كردووەتەوە و تەمەنە جیاوازەكان بەشداریی تێدا دەكەن.

ڕۆژانە زیاتر لە 30 كیلۆمەتر دەبڕێت تاوەكو بگات بە هۆڵی گوتنەوەی خولی فێربوونی كۆمپیوتەر بەو كەسانەی كە خولیایی فێربوونی بەرنامەكانی كۆمپیوتەریان هەیە، لهۆن زیاتر لە 10 بەش لە بەرنامەكانی كۆمپیوتەر فێری فێرخوازەكانی دەكات، بەتایبەتی ئەو بەرنامانەی كە بۆ كاروبارەكانی ڕۆژانە و بەكارهێنانی لە پیشەیەكدا سوودی لێدەبینرێت وەك ۆرد و ئێكسڵ و پاوەرپۆینت و فۆڕمات و چەندان بەرنامەی تر، خەونی منە كە خزمەتێك بە خەڵك بگەیەنم.

فێربوونی زمانەكانیش لە ڕێی ڕادیۆ و كۆمپیوتەر و تەلەڤزیۆنەوە فێربووە و ویستویەتی ئەم بەهرەیەشی فێری خەڵك بكات لە ڕێگەی خولەوە، بەڵام فێرخوازانی وانەی كۆمپیوتەر زیاتر بووە، بۆیە خولی كۆمپیوتەرم كردەوە و لەهەر كاتێكدا فێرخوازم هەبێت و حەزی لە یەكێك لەو بەهرانە بێت كە من هەمە و بیەوێت فێربێت، ئەوا بە خۆشحاڵیەوە فێری دەكەم.

هەرچەندە كەس نەبووە كە لهۆن فێری وێنەكێشان بكات و شێواز و هەنگاوەكانی وێنەكێشانی پێبڵێت، بەڵام ئێستە بووە بە وێنەكێشێكی بەتوانا، تابلۆكانی هێمایە بۆ خەم و ئازارەكانی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و خەمی هەڵەبجەییەكان و وێنەی مەرگەسات و كیمیاباران و سروشت و كەسایەتیەكان، زیاتر لە 30 پێشانگای كردووەتەوە و كە 17 پێشانگایان تایبەت بووە و لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەشداری پێشانگا هاوبەشەكانی كردووە و چەندان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە و دوو كورتە فلیمیش لەسەر توانا و خۆڕاگرییەكانی تۆمار كراوە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد







وشە - سه‌رخێڵ هاشم