سێی ئاب دەبێتە ڕۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان و داوای قەربووكردنەوەیان دەكرێ‌

:: PM:04:01:11/07/2019 ‌
پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای ناساندنی سێی ئاب كرد وەك رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان. نوێنەری ئێزیدییەكانیش لە پەرلەمان دەڵێ، هەوڵ دەدەین پێش ئەو كاتە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی نائاسایی گرێ بدات و پڕۆژەكە پەسند بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، متمانەی بە چوار پەرلەمانتاری نوێدا بۆ جێگرتنەوەی چوار پەرلەمانتاری تر كە پۆستی وەزیرییان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، لە بڕگەی دووەمیش هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەنجام درا كە بە زۆرینەی دەنگ رێواز فایەق بوو بە سەرۆكی پەرلەمان لە جێی ڤاڵا فەرید.

لە بڕگەی سێیەمی كۆتا دانیشتنی وەرزی بەهاری پەرلەمانی كوردستاندا، پڕۆژە یاسایەكی حەوت خاڵی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، پاش ئەوەی لەلایەن 65 پەرلەمانتار واژووی لەسەر كرا بوو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كرابووەوە.

پڕۆژە یاسای ناساندنی 3/8 وەك رۆژی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لەسەر دەستی دەوڵەتی خەلافەتی داعش، كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، لە حەوت مادە پێكهاتووە، وێڕای خستنەڕووی ناساندنی ئەو رۆژە بە رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لەسەر دەستی داعش، لە خاڵی سێیەمی پڕۆژەكەدا هاتووە، سەرجەم قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكە بە شەهید دادەنرێن، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان دەبێت رێنوێنیی پێویست دەربكات بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.

پڕۆژەكە دوای خوێندنەوەی یەكەمی، لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاراستەی هەردوو لیژنەی یاسایی و كاروباری شەهیدان كراوە، لە ماوەی نزیكی داهاتووشدا هەردوو لیژنەكە راپۆرتی خۆیان لەسەر پڕۆژەكە ئامادە دەكەن.

هەدیە موراد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی و نوێنەری ئێزیدییەكان لە پەرلەمان كوردستان بۆ "وشە" گوتی "هەوڵ دەدەین پێش سێی ئاب، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكی نائاساییدا خوێندنەوەی دووەم بۆ راپۆرتی لیژنەكان بكات و دەنگیش لەسەر (3/8) وەك رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بدات".

لای خۆیەوە سەوسەن محەمەد سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" راگەیاند، پڕۆژە بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراوە و سێی ئابی هەموو ساڵێك دەبێتە رۆژی جیناسایدی ئێزیدییەكان.

روونی كردەوە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای لە لیژنە پێوەندیدارەكان كردووە كۆبوونەوەی خۆیان لەسەر ئەو پرسە بكەن، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت. هەروەها ئەو پڕۆژە بڕیارە بڕگەیەكی تێداییە كەوا خەرجی دارایی هەیە، بۆیە پێویستە بۆچوونی حكوومەتی لەسەر وەربگرێت.

لەبارەی خەرجییە داراییەكان سەوسەن محەمەد زیاتر روون كردەوە، هەموو ئەو كەسانە شەهیدن و پێوستە كەسوكارەكانیان قەرەبووی مادی و مەعنەوی بكرێنەوە، ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێتەوە.

بە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بە خولی بەهارەی هێنا، پاش ئەوەی چەند رۆژێك خولی بەهارەی بەبۆنەی متمانە دان بە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دواخست. بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش بێت، تا یەكی ئەیلوولی داهاتوو پەرلەمان لە پشووی هاوینە دەبێت و پاشان دانیشتنەكان بە خولی پایزە دەست پێ دەكاتەوە.

هەولێر/ زریان تەها 



وشە - فه‌رمان سادق