وەزیری دەرەوەی حكوومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ كە تەنیا هەشتی ڕۆژی تری ماوە دەسەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بگرنە دەست، ئاشكرای كرد، لە سەردەمی حكوومەتی دۆناڵد ترەمپدا كۆمەڵەی "ئیخوان موسلیمین" یەكێك دەبێ لە لیستی ئەو ڕێكخراوانەی كە لە تۆماری ڕێكخراوە ئیسلامییە توندڕەوەكان ناویان تۆمار دەكرێ كە لە نێو تۆمارەكەشدا هەریەك لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدە بوونیان هەیە.
ریك تیلرسۆن كاندیدی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ لە دانیشتنێكدا لە بەردەم لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا گوتی، تێكشكاندنی دەوڵەتی داعش یەكەم و گرنگترین ئەركی حكوومەتی ترەمپ دەبێ كە سەركەوتنێكی گەورە دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستی دەهێنین.
تیلرسۆن بەڵێنی دا، ئەو دەوڵەت و ڕێكخراو و كەسایەتییانەی هاوكاری ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانیان كردووە، سزای یەكجار قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
كەناڵی "
جەزیرە" بڵاوی كردەوە، لە مانگی شوبات/فێبرایەری ساڵی ڕابردوودا، لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس پڕۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد بۆ ئەوەی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین ناوی بخرێتە نێو ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی دنیا.
بۆب گۆدلاتی سەرۆكی لیژنەی دادوەری لە كۆنگرێسی ئەمەریكا دوای دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە گوتی، پێویستە بە پەلە ڕێوشوێنەكان بگیرێنە بەر تا ئیخوانەكان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، چونكە ئەوان هەڕەشەن بۆ سەر ئەمەریكییەكان و ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
دواتر گفتوگۆ و بۆچوونی جیا لە نێو حكوومەت و دەسەڵاتی ئەمەریكا لەسەر ئەو پرسە دروست بوو و بەشێك لە كۆنگرێسمانان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەش ئاماژەیان بەوە دا، كە ئیخوانەكان ڕاستە ڕێكخراوێكی ئیسلامین، بەڵام باوەڕیان بە توندوتیژی نییە، بەو هۆیەوە بڕیارەكە لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكا لە مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2014 ڕەت كرایەوە بۆ ئەوەی ئیخوانەكان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە و ئێستەش حكوومەتی ترەمپ دەیەوێ ئەم هەنگاوە تەواو بكات.
جێی باسە لە 2013ش حكوومەتی میسر كۆمەڵی ئیخوان موسلیمینی وەك كۆمەڵەیەكی تیرۆریستی ناساند و هەموو چالاكییەكانی قەدەغە كرد.
ئیخوان موسلیمین خۆیان بە كۆمەڵەیەكی ئیسلامی چاكسازیخواز دەناسێنن و لە 22 ئادار/مارسی 1928 لەسەر دەستی حەسەن بەنا دروست كراوە. دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حوكمی موبارەك وەك حزب بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد و توانییان زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنن و حكوومەت پێك بهێنن، بەڵام بەهۆی سەپاندنی حوكمی توندی ئیسلام بەسەر كۆمەڵگەی میسریدا، دواتر خەڵك ڕژانە سەر شەقام و ئیخوانەكان و مورسی سەرۆكی میسر كە لە ئیخوانەكان بوو لەسەر حوكمیان لادا و خستیانە گرتووخانەوە. ئەو كۆمەڵەیە ئێستە چالاكی و جموجۆڵیان لە 72 وڵاتی دنیا هەیە بە وڵاتانی ئیسلامی و نامسوڵمانیشەوە.