خانەقین.. واژوو بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 كۆ دەكرێتەوە

:: PM:04:24:11/07/2019 ‌

گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئاشكرای كرد كە خەڵكی شارۆكەی خانەقین كە یەكێكە لە ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی واژوو بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق.

مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق تایبەت بە چارەسەركردنی پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەوانە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە پارێزگاكانی كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا كە سێ هەنگاوی ئاساییكردنەوە و سەرژمێری دانیشتوان و راپرسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە دەگرێتەوە.

موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، لیژنەیەك لەلایەن خەڵكی خانەقین لە كورد و عەرەب و نەتەوە و مەزەو و پێكهاتەكانیتر پێكهێنراوە بۆ كۆكردنەوەی واژوو و ئەوان داوا لە هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر دەكەن بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق. 

زیاتر گوتی، وەك هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان داوا لە هەردوو حكوومەت دەكەین كە ئەو مادە جێبەجێ بكەن و كێشەكە چارەسەر بكەن، چونكە مادەیەكی یاسایی و دەستوورییە و مسگەری چارەسەركردنی هەموو كێشە و ناكۆكییەكانی ئەو ناوچانە دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل