حەشدی شەعبی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق دەكاتە ئامانج

:: PM:04:56:11/07/2019 ‌

هەینی رابردوو گرووپی حزبوڵا، یەكێك لە گرووپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێران، تۆمارێكی دەنگی بڵاوكردەوە كە گوایە هی لیوا روكن مەحموود فەلاحی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبارە و زانیاری سەربازی دەداتە بەكرێگیراوێكی هەواڵگری ئەمەریكا، دوای ئەوە پەرلەمانتارانی شیعەی سەر  بە حەشدی شەعبی هێرشەكەیان تەواو كرد و داوای سزادانی بە تۆمەتی ناپاكی گەورە لە نیشتیمان دەكەن كە سزاكەی لەداردانە. 

لەسەر داوای پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی باڵا لەسەر ئەو فەرماندەی سەربازییەی عێراق دانراوە بۆ لێوردبوونەوە لە تۆمارە دەنگییەكە و بڕیاردان لەسەر راست و دروستییەوە، لەناو سووربوونی گرووپەكانی سەر بە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق لە باكور و رۆژئاوای عێراق كە رەتیان كردووەتەوە ئاسانكاری بۆ ئەوان بكەن و ناوچەكانیان رادەستی ئەو گرووپانە بكەن. 

دوێنێ چوارشەم حەسەن سالم، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی "سادیقوون"، سەر بە عەسائیب ئەهلولحەق لە پەرلەمانی عێراق و ئەندام لە لیژنەی ئاسایشی و بەرگری گوتی، زانیاریمان هەیە لەبارەی بوونی پێوەندی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی لەگەڵ چەند هێزێكی نەیار بۆ عێراق و سیخوریكردن بۆ بەرژەوەندی هەردوو باڵوێزخانەی ئەمەریكا و بەریتانیا لە عێراق، بۆیە داوا دەكەین بە زووترین كات بە تۆمەتی ناپاكی گەورە دادگایی بكرێن.

وەك ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ئەو فەرماندە سەربازیانە لە كاری سیخوریكردن تێوەگلاون و ئەوان زۆر گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن بۆ بەریتانیا و ئەمەریكا و چاویان بە كەسایەتی دیپلۆماسی لە واشنتن و لەندەن دەكەوێت، بۆیە بەو كارەیان بوونەتە هۆی كوژرانی زۆر عێراقی لە هێزە تەناهییەكان و حەشدی شەعبی لە رێگەی بۆردمانەكانی ئەمەریكا لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی ئەوان بۆیان فەراهەم كردوون.

لای خۆیەوە ئەسعەد مورشیدی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی حیكمەی نیشتیمانی رای گەیاند كە گوشارێكی ئەمەریكی و عەرەبی هەیە بۆ بێتاوانكردنی مەحموود فەلاحی و ئاماژەی كرد كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدوای دەرچەیەكی یاساییە بۆ بێتاوانكردنی. 

مورشیدی رایگەیاند كە ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی گوشار دەكەن بۆ بێتاواندەرخستنی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار، چونكە یەكێكە لەوانەی زۆر هاوكاری ئەوان دەكات، بۆیە پێم وایە عەبدولمەهدی بەدوای رێگەیەكی یاسایی دەگەڕێت بۆ بێتاوانكردنی فەلاحی لەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون. 

لای خۆیەوە كەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی "فەتح"، روونی كردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەم لیژنەكەیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەتەوە لەبارەی دۆسیەی فەلاحی كە تا ئێستە لە بارەگای ئۆپراسیۆنەكانی زەوینی دەست بەسەرە. 

زیاتر گوتی، عەبدولمەهدی بۆ ئێمەی دووپات كردووتەوە كە لیژنەیەكی باڵای لە ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری عێراق پێك هێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە، بەڵام ئەو لیژنە تا ئێستە نەگەیشتووەتە ئەنجامی كۆتایی و لێكۆڵینەوە بەردەوامە لەگەڵ فەلاحی. دووپاتیشی كردەوە كە ئێستە فەلاحی لە بارەگای ئۆپراسیۆنەكانی زەوینی دەستبەسەرە و لەوێ لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

دوای رووداوەكە ناجح میزان، سیاسەتوانی سوننە دووپاتی كردەوە كە ئێستە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە دەوڵەت بەهێزترن و كەس ناتوانێت بەڕوویان بوەستێتەوە. لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییەی هەینی رابردوو بۆ فەریق روكن مەحموود فەلاحی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ئەنبار بڵاو بووەتەوە و لەسەری بووەتە هەڵا كە زانیاری لەبارەی سوپای عێراق ئاشكرا كردووە، میزان دووپاتی كردەوە، ئەو پرسە بۆ لێدانی سوپای عێراق و بەهێزكردنی پێگەی گرووپە چەكدارییەكانە.

ئاماژەی كرد، ژمارەیەك سەركردەی سیاسی و فەرماندەی تری سەربازی لەلایەن گرووپەكانی سەر بە ئێران هەڕەشەیان لێ كراوە و ئەوان دوای تەسكبوونەوەی كۆتی سەر ئێران دەستیان بەو كارە كردووە. میزان دووپاتی كردەوە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری، عێراقیان رادەستی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران كردووە و ئێستە ئەوان لە عێراق لە دەوڵەت بەهێزترن و كەس ناتوانێت رووبەڕوویان بوەستێتەوە.

لای خۆیەوە فائەق شێخ عەلی، پەرلەمانتاری لیبیرالی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، ئەوەی لەبارەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار دەگوترێت هەوڵێكی لەرزۆكە بۆ لێخستن و ئابڕووبردنی، روونە كە ئەو تۆمارە هەڵبەستراوە و دواتر ئاشكراكردن و بڵاوكردنەوەی پیشەگەری تیادایە و هەر كارێكی لەو شێوەیەش بێ مۆڵەت وەرگرتن هیچ گرنگییەكی یاسایی نییە و سزای یاسایی لەسەرە.

لەوكاتەی پەرلەمانتارانی سوننە پێیان وایە كە ئەمەریكا ئەوەندە پێشكەوتووە كە خۆی زانیاری هەواڵگری بە عێراق دەدات نەوەك بە پێچەوانەوە، هیشام هاشمی، شارزای تەناهی عێراقی لەو بارەوە گوتی، ئەو تۆمارە دەنگییەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار پێویستی بە لێوردبوونەوە هەیە و وەزارەتی بەرگریش بڕیاری ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی داوە تا مافی كەس نەخورێت و ستەمیش لەكەس نەكرێت بێ بوونی بەڵگە، بۆیە ئەو كەسە بێتاوانە تا دەركەوتنی بەڵگە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل