عێراق.. پیاوان زیاتر تووشی هەراسانكردن و دەستدرێژی سێكسی دەبنەوە

:: PM:05:27:11/07/2019 ‌

كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لەبارەی راپرسیییەكی بەریتانی لەسەر دۆخی عێراقییەكان ئاماژە دەكات كە رێژەی ئەو پیاوانەی رووبەڕووی هەراسانكردنی سێكسی دەبنەوە زیاترە لە ژنان و چەند هۆكار دیاری دەكات بۆ ئەو بەرزبوونەوەی حاڵەتەكە.

ئەكرەم بەیاتی، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنەكە ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، یەكەم هۆكار ئەو كارەسات و نەهامەتی و جەنگە و گەماریەیە كە رووبەڕووی عێراق هاتووتەوە و وای كردووە هاووڵاتییانی ئاسایی نەمێننەوە و زۆرێك لە پیاو ژنی عێراقی كێشەی دەروونی و ئابووریان هەبێت و بەرەو لادان پاڵیان بنێت.

زیاتر گوتی، دووەم هۆكار نەبوونی یاسایەكە قوربانیان بپارێزێت یان بوونی دامەزراوە بۆ چاودێریكردنیان و وەرگرتنی سكاڵای ئەوان و سزادانی تاوانكاران لە قوتابخانە و شەقام و شوێنی كار، سێیەم، دابڕانی كۆمەڵایەتی پیاو ژنان و بێتواناییان لە پێكهێنانی هاوسەرگیری و بەتاڵكردنی ئارەزووی سێكسیان بە شێوەیەكی ئاسایی، كە ئەوەش پاڵ بۆ لادانیان دەنێت، هەروەها بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر كە وا دەكات تاوانی لادان ئەنجام بدەن. 

بەپێی راپرسییەكی تۆڕی هەواڵی "بی بی سی" بەریتانی لە چەند دەوڵەتێكی عەرەبی لەوانە لە عێراق دەركەوت كە ژمارەی ئەو پیاوانەی بە زمان و جەستە تووشی هەراسانكردن و دەستدرێژی سێكسی هاتوونەتەوە رێژەیان لە قوربانیانی ژن زیاترە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل