دوای هێرشێكی فرەوانی سوپای توركیا و چەند هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا بۆسەر ناوچەكانی دەستی داعش لە باكوری سووریا لە چوارچێوەی كردەوەگەلی "قەڵغانی فورات"، ناوچەكانی دابق و سوران لە دەستی داعش دەرهێنران.
ناوچەی دابق گرنگییەكی رەمزی لای رێكخراوی داعش هەیە، ئەو دەڵێت كە جەنگی یەكلاكەرەوە بەر لە رۆژی قیامەت لە نێوان موسڵمان و خاچپەرستەكان لە دابق روو دەدات، ئەو قسانەی لایەنە ئیسلامییەكانی تر بە بانگەشەی داعشی دادەنێن بۆ جۆشدانی موسڵمانان و كۆكردنەوەیان لە دەوری خۆی.
دوێنێ شەموو روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند كە هێزە تایبەتەكانی توركیا بە تانك و كۆپتەر و فڕۆكە سەربازییەكانیانەوە و بە پاڵپشتی چەند لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێرشێكی فرەوانیان بۆسەر ناوچەی دابق لە دەشتی پارێزگەی حەلەب دەست پێ كردووە.
ئەحمەد عوسمان فەرماندەی گرووپی سوڵتان موراد و روانگەی مافی مرۆڤی سووریا رایان گەیاند كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پاڵپشتی سوپای توركیا توانیان كۆنتڕۆلی ناوچەی ستراتیجی دابق لە باكوری رۆژئاوای سووریا بكەن و لە داعشی وەربگرنەوە.
ئەوان دووپاتیان كردەوە كە كۆنتڕۆلكردنی دابق دوای جەنگێكی سەخت هات، هەروەها ئەوان توانیان ناوچەی سورانی نزیك دابق كۆنترۆل بكەن.
هێزە تایبەتەكانی توركیا بە پاڵپشتی سوپای ئازاد لە چوارچێوەی كردەوەگەلی "قەڵغانی فورات" هێرش دەكەنە سەر چەند ناوچەیەكی تری دەستی داعش لەوانە ناوچەی دابق كە گرنگییەكی رەمزی لای ئەوانەوە هەیە، لەپاڵ هێرشی تر بۆسەر ناوچەكانی سوران ئیعزاز و دەوروبەری لەناو بۆردمانێكی سەختی هەردوو ناوچەكە كە دەكەونە باكوری رۆژهەڵاتی دەشتی حەلەب.
بۆ توركیا كۆنترۆلكردنی ناوچەكانی دابق و سۆران لە دەشتی حەلەب كە هاوسنوورن لەگەڵ ئەو وڵاتە گرنگن بۆ كۆنترۆلكردنی تەواوی ناوچەكانی بەرامبەر سنوورەكانی، لەبەرامبەردا و بەم دواییە رێكخراوی داعش 1200 چەكداری خۆی بۆ بەرەی جەنگ لە دابق رەوانە كرد بەمەبەستی بەرگریكردن لەو شوێنە گرنگە بۆی.
دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە لە چوارچێوەی كردەوەگەلی "قەڵغانی فورات" لە باكوری سووریا پێشتر چوینە جەرابلوس دواتر راعی ئێستەش بەرەو دابق دەڕۆین و پێنج هەزار كیلۆمەتر دووجا لەژێر دەستی تیرۆریستان دەردەهێنین و ناوچەیەكی پارێزراوی تەناهی رادەگەیەنین.
زیاتر گوتی، نزیكەی سێ ملیۆن پەنابەری سووریایی لەناو خەكەكاماندا هەن، ناوچەكە بۆ ئەو پەنابەرانە فەراهەم دەكەین، با ئەوان بگەڕێنەوە خاكی خۆیان و لەسەر زێدی خۆیان بە ئارامی بژین.
گوندی دابق دەكەوێتە ناوچەی ئیعزاز لە پارێزگەی حەلەبی سووریا لە رووی ئیدارییەوە سەر بە شارەدێی ئەختەرینە و دەكەوێتە دووری 35 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب و تەنیا 15 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی توركیا دوورە.
لە 24ی ئابی 1516 جەنگی مەرەج دابق لە نزیك ئەو ناوچەیە لە سووریا لە نێوان عوسمانییەكان و مەمالیك رووی دا و لە ئەنجامدا عوسمانییەكان جەنگەكەیان بردەوە و توانیان دواتر دەست بەسەر ناوچەكە و میسردا بگرن و دەوڵەتی مەمالیك لەناو ببەن.
لە 25 ئاب/ئۆگەستسی رابردوو هێزە تایبەتەكانی توركیا بەپاڵپشتی سوپای ئازاد هەڵیان كوتایە سەر ناوچەی جەرابلوس لە ناو خاكی سووریا لە چوارچێوەی كردەوەگەلی "قەلغانی فورات" ئەوان توانیان ناوچەكە لە داعش پاك بكەنەوە و تا ئێستە لە فرەوانخوازی بەردەوامن.
سهرچاوه: رۆیتەرز