گۆڕان داوای گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەكانی سلێمانی دەكات

:: PM:07:32:11/07/2019 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بە پێویستی دەزانێت ئەو كەسانەی لەسەر پشكی خۆی پۆستی حكوومیان وەرگرتووە ئاڵوگۆڕیان پێ بكات، لە بەرانبەردا فراكسیۆكانی یەكێتی و خزمەت ئامادەنین بەڕێوەبەرەكانیان بگۆڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان پێش پێكهێنانی كابینەی نوێ بەرنامەی هەبووە ئەو كەسانەی پۆستی حكوومیان لەسەر پشكی خۆی لە سلێمانی وەرگرتووە ئاڵوگۆڕیان پێ بكات و چەند قایمقام و بەرێوەبەری شارەدێیەكیشی گۆڕیوە.

زیاتر گوتی، گۆڕان بە پێویستی دەزانێت كەسێك هیچ بۆ ماوەیەكی زۆر لە پۆستەكەی نەمێنێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

لای خۆیەوە مەهدی مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی خزمەت (یەكگرتوو و كۆمەڵ) بە "وشە"ی راگەیاند: لەو 15 پۆستەی وەك پشكی فراكسیۆنەكەمان بەرمان كەوتووە لە هەموویان رازین و لەگەڵ گۆڕینی كەسیاندا نین.

زیاتر گوتی، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی نوێ پێكهاتووە، بەڵام پێمان باشە پۆستەكانمان هەر لە لایەن ئەو كەسانەوە بەڕێوە ببرێن كە پێشتر وەریان گرتووە.

هاوكات ئەكرەم شەریف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە وەك فراكسیۆنی یەكێتی بیرمان لەوە نەكردووەتەوە كە هیچ كام لەو بەرپرسانە بگۆڕین كە لە سلێمانی پۆستیان وەرگرتووە.

روونیشی كردەوە كە هەر كەسێك لە سەر پشكی یەكێتی پۆستی وەرگرتبێت ئەگەر كەمتەرخەمییەكی هەبووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ كراوە.

بەشێكی زۆر لە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان دووپات لەوە دەكەنەوە كە پێویستە ئەو كەسانەی چوار ساڵ زیاترە لە پۆستەكانیان بگۆڕدرێن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم