دوو تەقینەوە قامیشلۆ و عەفرینیان هەژاند

:: PM:07:45:11/07/2019 ‌

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا رای گەیاند كە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك كلێسایەك لە ناوەڕاستی قامیشلۆ لە باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تەقیوەتەوە، هەر ئەمڕۆ تانكەرێكی سووتەمەنی بۆمبڕێژكار و لە شاری عەفرین تەقییەوە و ژمارەیەك زۆر قوربانی لێ كەوتەوە.

وەك ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سووری بڵاوی كردەوە، تەقینەوەكە لە نزیك كلێسای "سەیدەی عەزرا"، لە ناوەڕاستی قامیشلۆ رووی داوە و بووەتە هۆی برینداربوونی 11 كەس و زیان بە رووی پێشەوەی كلێساكە و تەلارەكانی نزیكی و ئۆتۆمبێلەكانی لە ناوچەكە وەستابوون، كەوتووە.

لە یۆلیۆی 2016 تەقینەوەیەكی خۆكوژی لەلایەن رێكخراوی داعشەوە شاری قامیشلۆی كوردنشینی هەژاند و ئەوكات 48 كەس گیانیان لەدەست دا و دەیانیش بریندار بوون.

لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ تەقینەوەیەكی تر لە رێگەی تانكەرێكی سووتەمەنی بۆمبڕێژكراوەوە شاری عەفرینی كوردنشینی لە باكوری سووریا هەژاند كە ئێستە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای ئازادی نزیك لە توركیا، بەو هۆیەشەوە 11 هاووڵاتی كوژراون.    

تەقینەوەكە ئاگرێكی گەورەی لە ناوچەكە دروست كردووە و بووەتە هۆی كوژرانی 11 كەس و برینداربوونی 45ی تر، جیا لە روودانی زیانی گەورەی مایەكی.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل