عێراق.. ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی چەند بڕیارێك دەردەكات

:: PM:08:32:11/07/2019 ‌

ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق بە سەرپەرشتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و چەند بڕیارێك دەردەكات، لەوكاتەی سێشەمی رابردوو عەبدولمەهدی رای گەیاند كە گەندەڵییەكانی هەردوو دۆسیەی مادەی هۆشبەر و قاچاغی نەوت هەڵدەدەنەوە.

وەك لە بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەم عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی 15مین كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كرد و چەند پرسێكی تاوتوێ كرد.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەنجوومەنەكە گوێبیستی روونكردنەوەی وەزارەتی نەوت بوو لەبارەی گرێبەستی هاوبەشی نێوان كۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراق و كۆمپانیای عەرەبی دەریاوانی بۆ گواستنەوەی نەوت و بڕیاری دا بەوەی بەبازاڕگەیاندنی نەوتی خاو تەنیا لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بێت.

ئەنجوومەنەكە راپۆرتی سكرتاریەتی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاكانی تاوتوێ كرد لەبارەی كاری نووسینگەی پشكنەرانی گشتی لە پارێزگاكان كە دەسەڵاتیان لە وەزارەتەكانەوە بۆ گوازراوەتەوە و پێویستی رێكخستنی كارەكانی لە نێوان هەردوو حكوومەت لەگەڵ بوونی نووسینگەی پشكنەران لە پارێزگاكان و پێدانی دەسەڵاتی پێویست بۆ راراییكردنی كارەكانیان.

ئەنجوومەنەكە دووپاتی لەوە كردەوە پێویستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دادوەرانە بێت، هەروەها پێویستە بەڵگەكان لەدژی ئەو پارێزگایانەی لادەدرێن بدرێتە ئەنجوومەنەكە بۆ ئەوەی رێوشوێنیان لە بەرانبەردا وەربگیرێت. 

ئەنجوومەنەكە چاوی بە راپۆرتی دەستەی نەزاهە خشاند لەبارەی گەڕاندنەوەی پارەی عێراق لە دەرەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سامان و موڵكەكانی عێراق لە دەرەوە، هەروەها رێنوێنی درایە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە بە پێویستی بەدواداچوونی هاوبەش لەگەڵ ئینتەرپوول بۆ رادەستكردنەوەی داواكراوان بۆ دادگای عێراق و كاراكردنی رێككەوتننامەی دووقۆڵی بۆ ئەو مەبەستەوە.

چاودێران بۆ دۆخی عێراق وای دەبینن كە تا ئێستە ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی نەیتوانیوە تەنانەت یەك دۆسیەی گەندەڵیش یەكلا بكاتەوە و تەنیا كۆبوونەوەی شێوەیی ئەنجام داوە، لەوكاتەی هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە عەبدولمەهدی ناوێرێت دەست بۆ دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی ببات كە رەنگە ببێتە هۆی پەكخستنی حكوومەتەكەی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل