ئەتلەتیكۆ مەدرید بەم نزیكانە كاڕاسكۆ لەدەست دەدات


رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا ئەستێرە بەلجیكییەكەی یانیك كاڕاسكۆ لەدەست دەدات بەهۆی زۆری داوكارییەكانی لەلایەن یانە گەورەكانی ئینگلتەڕاوە.

رۆژنامەی (ئاس)ی مەدریدی بڵاوی كردەوە: چەندان یانەی ئینگلیزی بەڕژدی هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ كاڕاسكۆ دەدەن لەسەرووی هەمووشیانەوە هەردوو گەورە یانەكەی شاری مانچستەر یونایتد و سیتی هەروەها یانەكانی ئارسناڵ و چێڵسیش.

تەنیا یانە ئینگلیزییەكان چاویان لە كاڕاسكۆ نەبڕیوە، بەڵكو یانەكانی بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و چەندان یانەی تریش خۆیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو ئەستێرەیەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئامادە كردووە.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ناتوانێ خۆی لەبەرامبەر داواكاری ئەم هەموو گەورە یانەیە رابگرێت و پارێزگاری لە مانەوەی كاڕاسكۆ بكات بەتایبەت كە بەشی زۆری یانەكان ئامادەن ئەو بڕە پارەیە بدەن كە یانەكە وەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دیاری كردووە كە برێتییە لە 100 ملیۆن یۆرۆ.

جێی باسە كاڕاسكۆ بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دادەنرێت، بەڵام لەم وەرزەدا لە بەشێكی یارییەكانی یانەكەی دابڕاوە بەهۆی تووشبوونی بە ئەنگاوتنەوە، تا ئیستاش لە كۆی 24 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان توانیویەتی 10 گۆڵ تۆمار بكات و 3 گۆڵی تریش دروست بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:09:59:12/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 227 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌