لە شاری سلێمانی بەبیانووی ئەوەی حەز و ئارەزوویان لە دەنگی خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد تارا ڕەسووڵە و دەیانەوێت بیبینن و وێنەی لەگەڵ بگرن، چەند دزێك دەچنە ماڵی باوكی و بە بەكارهێنان و پێدانی دەرمان و مادەی هۆشبەر بۆ بێ هۆشكردنی دایك و باوكی، دزییان لە ماڵەكەیان كردووە.
لەوبارەیەوە شاعیر و هاوسەری خانمە گۆرانیبێژی ناوبراو هیوا حەلاق بە"وشە"ی راگەیاند: دوای ئەوەی دوو كەسی نەناسراو بەبیانووی ئەوەی حەز و ئارەزوویان لە دەنگی خانمە گۆرانیبێژ تارا ڕەسووڵە و دەیانەوێت بیبینن و بۆ یادگاری وێنەی لەگەڵ بگرن، لە شاری سلێمانی دەچنە ماڵی خەزوورم واتا ماڵی باوكی تارا، بەڵام بەداخەوە مەبەستیان دزیكردن بووە، بۆیە بەهۆی پێدانی هەندێك دەرمان و مادەی هۆشبەر، دایك و باوكی تارایان بێ هۆش كردووە و ماڵەكەیان بڕیوە و بڕێكی زۆر پارە و زێڕیان دزیوە، باری تەندروستیی دایك و باوكی زۆر خراپ بوو بەهۆی ئەو كارەوە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی بێ هۆش بوون .
لەوبارەیەوە تارا ڕەسووڵ بە"وشە"ی گوت: سوپاس بۆ خوای گەورە بەهۆی دەرچوونی دزەكان لە چەند كامێرایەكەوە و هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوامی هێزەكانی پۆلیس و نەهێشتی تاوان و ئاسایشی سلێمانی، توانرا ئەو باندە بگیرێن كە لە چەندان شوێن و شار و جێگەی تردا هاوشێوەی ئەو كارانەیان ئەنجام داوە .
لە ئێستەدا دزەكان لەلایەن دادگاوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و هیوادارین یاسا بەسزای خۆیانیان بگەیەنێت .
دزەكان كوردن و چەندان كاری هاوشێوەیان ئەنجام داوە .
وشە/ شاخەوان شێخانی