نووسینگەی داواكاری گشتیی كۆریای باشوور ئاشكرای كرد، بانگی جای وای لی سەرۆكی گرووپی كۆمپانیاكانی "سامسۆنگ"یان كردووە و ئاگەداریان كردووەتەوە لە تێوەگلانی كۆمپانیاكەی بە ئابڕووچوونەكەی سەرۆكی كۆریای باشوور پاك جۆن های، بەو هۆیەوەش ئەگەری ئەوە هەیە ناوبراو بگیرێت.
لە كۆریای باشوور دەنگۆ بڵاو بووەتەوە كە كۆمپانیای سامسۆنگ و ئەو دامەزراوانەی تر كە سامسۆنگ پشتیوانییان دەكات، یارمەتی تشۆی سۆن ئێلی هاوڕێی سەرۆكی كۆریای باشووریان داوە، كە بەم دواییە بەهۆی دەستوەردانیان لە سندووقی خانەنشینكراوان، تووشی ئابڕووچوونێكی گەورە هاتوون.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بەشێك لە گەورە بەرپرسانی كۆمپانیای سامسۆنگ و دامەزراوەكانی سەر بەو كۆمپانیایە، بانگهێشتنی لێپرسینەوە بكرێن و گوتەیان وەك شایەتحاڵ لێ وەربگیرێت.
جای وای لی بەڕێوەبەرایەتیی گەورەترین كۆمپانیای كۆریای باشوور دەكات، دوای ئەوەی باوكی بە جەڵتەی دڵ لە ئایار/مایۆی 2014 كۆچی دوایی كرد.
لە دانیشتنێكی پەرلەمان، نوێنەری كۆمپانیاكە ڕەتی كردەوە بەرتیلی دابێ بۆ ڕێگەخۆشكردن بە گرێبەستی بەیەكەوەلكاندن و دەستكاریكردنی سندووقی خانەنشینان.
خەڵكی كۆریای باشوور لەو كارانەی سەرۆكی وڵاتەكەیان و هاوڕێكەی زۆر تووڕەن و تێوەگلانی كۆمپانیای سامسۆنگیش بەم كارە، وای كردووە داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە بۆ كپكردنەوەی دەنگی ناڕەزایی و دەرخستنی ڕاستی ئابڕووچوونەكە و سەپاندنی سزا بەسەر تێوەگلاوان، هەموو ڕێوشوێنك دەگرنەبەر، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بڕیاری گرتنی سەرۆكی گرووپی سامسۆنگ بدرێ و داواكاری گشتی دەڵێ، هەموو ئەگەرێك كراوەیە.