له ناوچه‌ی تانجه‌رۆی سه‌ر به شاری سلێمانی به هه‌زاران هێلكه‌ی خراپ بوو فڕێدراون و به‌شێك له هێلكه‌كان جوجكه‌یان تێدابووه و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت، به‌دواداچون بۆ فڕێدانی ئه‌و هێلكانه ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ی ته‌مووز، كاسترۆ مه‌عروف، سه‌رۆكی لیژنه كشتوكاڵ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، فڕێدانی هه‌رچی خۆڵ و خاشاك و پیسییه ده‌برێته‌وه ناوچه‌ی تانجه‌رۆ و له‌وێ فڕێده‌درێت ئێسته تانجه‌رۆ بووه‌ته كۆگایه‌كی پیسی و پاشماوه‌كان ته‌نها مرۆڤی تیا فڕێ نادرێت.
زیاتر گوتى، فرێدانی هه‌ر پاشماوه و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رێك له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه گرفت بۆ هاووڵاتییان دروست ده‌كات سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی پیسی به دوای خۆت ئه‌هێنێت و بۆنێك له ناوچه‌كه دروست ده‌بێت هاووڵاتییان بێزار ده‌كات.
ڕوونیشى كرده‌وه، كه ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه به‌شێكی زۆر له‌و هێلكانه بوونه‌ته جوجكه و ئه‌مه‌یش تاوانێكه كه كراوه، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و لیژنه‌ی كشتوكاڵ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه ده‌كه‌ین تا بزانین هۆكاری فڕێدانی ئه‌و هێلكانه چیه ئایا هێلكه‌ی پیس و خراپ بوون كه له‌م ئه‌زمه‌ی بێ هێلكه‌یی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.
هه‌روه‌ها گوتی، به‌شێك له‌و هێلكانه بوونه‌ته جوجكه و ده‌كرا به‌جۆرێكی تر بكرێنه ژێر خۆله‌وه نه‌ك به ئاسایی له ناوچه‌كه فڕێ دراون و جووجكه‌كانیش هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه.
پێشتریش له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای سلێمانی به هه‌زاران جووجكه فڕێ دراونه‌ته ناو ئاوی سیروان و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌یان پیسكرد و دواتر چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته گیران.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی