دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانکۆ ڕاگەیەنرا

:: AM:09:30:13/07/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتییەكی سنووری ڕاپەڕین هەلی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ ڕادەگەیەنێت و داوا دەكات سی ڤی بنێرن.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی ڕاپەڕین لە راگەیەندراوێكیدا هاتووە، ئاگەداری سەرجەم ئەو كەسانە دەكەینەوە لە سنووری راپەڕین نیشتەجێن و ئارەزووی دامەزراندنیان هەیە بەشێوەی گرێبەست، بەمەرجێك خاوەنی بڕوانامە بن دەرچووی ئەو بەشە دیاریكراوانە بن، دەتوانن تا 18ی ئەو مانگە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی راپەڕین بكەن.

ڕوون كراوەتەوە، هەلی كار بۆ هەریەكە لە بەشەكانی ئەندازیاری شارستانی و ئەندازیاری تەلارسازی و ئەندازیاری كارەبا و ئەندازیاری میكانیك و ئابووری و كارگێڕی و ژمێریاری و شوفێر و كارگوزار و پاسەوان هەیە و ئەوانەی ئارەزوویان هەیە دەتوانن داواكاری و سی ڤی پێشكەش بكەن.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئاگەدارییەكەی باسی لەوەش كردووە، دوای كۆتاهاتنی وادەی پێشكەشكردنی داواكاری، لە ڕێی لیژنەیەك كە لە دەستەی وەبەرهێنان پێكدەهێنرێت هەڵسەنگاندن بۆ سی ڤی ئارەزوومەندان دەكرێت.

دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 وەستاوە تەنیا بۆ ئەو شوێنانە نەبێت كە داواكاری نوێ‌ و پێویستیان هەیە.



وشە - رامیار جەواد